ئۆپۆزسیۆنی توركیا پەرتەوازە دەبێت
بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا هەردوو سەركردەی پێشووی ئاكەپە، داودئۆغلو و عەلی باباجان پارتە تازەكەیان رابگەیەنن، بەڵام لەناو جەهەپەشدا ئەگەر زۆرە پارتێكی تازە لەلایەن كاندیدی پێشووی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا لەسەر لیستی جەهەپە دروست ببێت.
موحەرەم ئینجە ناوێكی دیاری ناو جەهەپەیە، ئەو لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠١٨ كاندیدی جەهەپە بوو بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار، ئێستا بووەتە بەڵا بەسەر ئەو پارتە و بەردەوام چاوی لە كورسیی سەرۆكی جەهەپەیە.
شڕۆڤەكارانی سیاسیی توركیا پیان وایە، دروستكردنی پارت لەلایەن داودئۆغلو و باباجانەوە چەند كاریگەریی بەسەر ئاكەپەوە هەبێت، بە هەمان شێوە دروستكردنی پارت لە لایەن موحەرەم ئینجەوە كاریگەری هەیە بەسەر جەهەپەوەشەوە هەیە.
بەڵام بە گوێرەی گوتەی چەند بەرپرسێكی سەر بە جەهەپە، ئینجە ئەگەر پارتیش دروست بكات، ئەو كاریگەرییەی نابێت، چونكە كاتێك ٣٥٪ دەنگەكانی هێنا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، ئەو دەنگانە دەنگی جەهەپە بووە و بەبێ جەهەپە ئەو كاریگەریی نابێت.
ئینجە بە ئاشكرا لە میدیاكانەوە داوای شوێنی كەمال كلیچدارئۆغلو سەرۆكی جەهەپە دەكات، بەڵام كلیچدارئۆغلو هەرز وو پێی گوت لە شوێنی خۆت دابنیشە و بێ دەنگ بە.
بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا، كلیچدارئۆغلو بە ئینجەی گوتووە ئەگەر بەم شێوەیە بیر لە كورسیی سەرۆكایەتی جەهەپە بكەیتەوە، لە پارت دەرت دەكەم.
ئینجە لە دیمانەیەكی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (CNN)ی توركی، ئاماژەی دا كە كۆڵی نەداوە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا و، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ خۆی كاندید دەكاتەوە و دەڵێت بە مافی خۆمی دەزانم.
بەڵام هەموو شڕۆڤەكاران و بەرپرسانی جەهەپە كۆكن لەسەر ئەوەی، لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، ئەوەی كاندیدی جەهەپە و پارتی باش و سەعادەت و ئەگەریش هەیە هەدەپەیە، ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبۆڵە.
ئینجە هیچ هیوایەكی بەوە نەماوە بیكەنەوە بە كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمار، بۆیە ناگیهان ئاڵچی نووسەری دیاری رۆژنامەی (خەبەر تورك) ئاشكرای دەكات، كە ئینجە پارتێكی تازە دادەمەزرێنێت.
ئەكەپە و رەجەب تەییب ئەردۆغان، پێیان خۆشە ئینجە لە جەهەپە جیا بێتەوە، چونكە جیابوونەوەی ئەو تا ئاستێكی كەمیش بێت كاریگەری لەسەر جەهەپە دەبێت، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ئاكەپەیە.
باسنيوز
