لە کەرکووک 14 هەزار دۆنم زەوی بۆ جووتیارانی کورد دەگەڕێندرێتەوە

لە کەرکووک 14 هەزار دۆنم زەوی بۆ جووتیارانی کورد دەگەڕێندرێتەوە
وەرزی چاندن لەئێستاوە بۆ بەشێک لە جووتیارانی کەرکووک دەستپێدەکات، چونکە تاوەکو چەند رۆژێک لەمەوبەر ترسی ئەوەیان هەبوو زەوییەکانیان بدرێتەوە عەرەبی هاوردە.

فارووق فایەق، جووتیارێکی ناوچەی کاکەیی ـە و دوو ساڵە بەڕێگەی دادگاوەیە تاوەکو پشتئەستوور بە بەڵگەنامە فەرمییەکانی رابردوو خاوەندارێتی زەوییەکەی وەرگرتەوە و لەژێر دەستی عەرەبی هاوردە دەریهێنا.

فارووق دەڵێت "ساڵی 2019 دیسان سکاڵایان کرد لەدادگا، بەڵام دادگای رەتیکردەوە، چونکە ئێمە خاوەنی رەسەنی زەوییەکانین، چوونەتە لای پارێزگار و نووسراوی بۆیان کردووە. فەرمانگەی کشتوکاڵیش دەڵێت، زەوییەکان هی ئێمەن".

لەماوەی رابردوو دەیان هەزار دۆنم زەوی دیکە کەیسەکەیان لەلای دادگا بڕیاری لێدرا، بەڵام عەرەبی هاوردە ماوە ماوە خۆیان دەگەیێننە لای پارێزگاری بەوەکالەت و ئەویش نووسراویان بۆ دەکات تاوەکو کێشەکان سەرهەڵبدەنەوە، هەر بۆیە حکومەت و فەرمانگەی کشتوکاڵ هاوکاری ناوچە کوردییەکان ناکەن".

کێشەی جووتیاران لە سنووری کەرکووک و داقووق تەنیا هەوڵی تەعریب نییە، سووتاندنی بەروبوومەکانیان و مەترسییە ئەمنییەکان گرفتێکی دیکەن کە زیاتر لە حەوت گوندی کاکەیی بەهۆیانەوە تاوەکو ئێستا چۆڵکراون.

لەسەرەتای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە عەرەبی هاوردە بە لێشاو گەڕانەوە سەر زەوی و زاری کورد، سەرەتا بە هەڕەشەی هێز و دواتر هێرشی چەکداری. هیچ لەوانە کاریگەری ئەوتۆی نەبوو ئێستاش دەرگای دادگایان گرتووە. نوێنەرانی کورد دڵنیایی بە جووتیاران دەدەن لەدادگا کێشەکان بۆ بەرژەوەندییان یەکلادەبێتەوە، چونکە بەشی ئەوە بەڵگە لای کوردە تاوەکو شاهێدی خاوەندارێتی زەوییەکانیان بۆبدەن.

بەشێکی زۆری پارێزگای کەرکووک کە سەرجەمی خاوەندارێتییان بۆ جووتیارانی کورد و تورکمان دەگەڕێتەوە، کێشەی موڵکدارییان هەیە، لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە عەرەبی هاوردە پشت ئەستور بەو دەسەڵاتەی لەپارێزگاکەیە کێشەکەیان گەرمکردووەتەوە.
Top