حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی لۆگزامبۆرگ دەدات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی لۆگزامبۆرگ دەدات
لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ شاری لۆگزامبۆرگ، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە یاوەریی شاندێکی نوێنەرایەتی، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی لۆگزامبۆرگی کرد و لەلایەن ئۆلیڤەر مائێس، بەرێوەبەری گشتیی پەیوەندییە سیاسییەکانی وەزارەتی دەرەوەی لۆگزامبۆرگ و بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووی ئەفریقیا پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا، دلاوەر ئاژگەیی لەگەڵ ئۆلیڤەر مائێس بە تێروتەسەلی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی شیکردەوە و دیدی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە سەر کۆی ڕووداوەکان خستەڕوو.

هاوکات باسی لە سیاسەتی نوێی حکومەتی هەرێم کرد بۆ باشترکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا و پڕۆژەی چاکسازی و ڕیفۆرم و سیاسەتی پەرەپێدان بە ئابووری بەهێز و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری. داواشی کرد لەم ڕووانەوە پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان هەرێمی کوردستان و لۆگزامبۆرگ پەرەی پێبدرێت لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانی لۆگزامبۆگ و ژووری بازرگانیی هەردوولا، هەروەها دەرفەت بۆ کۆمپانیاکان بڕەخسێندرێت تا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی لۆگزامبۆرگ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دروست کردنی پەیوەندیی سیاسی، بازرگانی و ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشان دا و بڕیاریان دا کۆبوونەوەی تایبەت لە نێوان هەردوولادا ئەنجام بدرێت.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، دلاوەر ئاژگەیی باسی لە سیاسەتی دەرگا و دڵی کراوەی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئاوارە و پەنابەران و سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان لە ناوچەکە بە گشتی، هەروەها باسی لە لێشاوی هاتنی زیاتر لە ١٦٠٠٠ پەنابەری نوێی سوری کرد بۆ ناو خاکی هەرێم، سەڕەڕای هەبوونی زیاتر لە ١ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی عێراقی و پەنابەری سووری. هاوکات داوای هاوکاری و پشتگیری حکوومەتی لۆگزامبۆرگی بۆ هەرێمی کوردستان کرد تا لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکاری پێشکەش بە پەنابەران بکات.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەی نێوانیاندا، ئاژگەیی و مائێس تاوتوێی دروست کردنی پەیوەندیی نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی لۆگزامبۆرگیان کردووە. لەم بارەیەوەش هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کەوا پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان هەردوو پەرلەمان، پەیوەندیی هەردوو حکوومەتیش بەهێز دەکات.

لۆگزامبۆرگ، ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆیە، پێشتر ئۆلیڤەر مائێس بە نوێنەرایەتیی لۆگزامبۆرگ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە ئەستۆ گرتووە و وەکوو دیپلۆماتێکی سەرکەوتوو لە ناوەندە سیاسییەکان ناسراوە. وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دوو جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.













باسنيوز
Top