لە دوو شەودا بۆمب لەبەردەم ماڵ و دوکانی دوو بنەماڵەی پارتی لە سنووری ڕاپەڕین دادەنرێتەوە
شەوی ١٦ لەسەر ١٧ی ١١ی ٢٠١٩، نارنجۆکێک لەبەردەم ماڵی کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەناوی عەبدوڵا نوورەدینی لە گەڕەکی راپەڕینی قەڵادزێ دانراوەتەوە و تەقیوەتەوە.
شەوی ١٨ لەسەر ١٩ی ١١ی ٢٠١٩ش، لە هەمان ناوچە، نارنجۆکێکی دیکە لەبەردەمی دوکانی کادیرێکی پارتی بەناوی سامان شاخەوان عەزیز دانراوە و تەقیوەتەوە. پێشتریش تەقە لە ماڵی کادیرێکی پارتی کرابوو لە گوندی گردەسپیان لە ڕۆژهەڵاتی قەڵادزێ.
لەمبارەیەوە هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی راپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و ڕای گەیاند کە خۆشبەختانە هەرسێ کردەوەکە زیانی گیانییان نەبووە.
ڕوونیشی کردەوە: ”هەرسێ خانەوادە کێشەی کەسی و کۆمەڵایەتییان نییە. خەڵکی ئاسایی و سڤیلن. هیچ سەرەداوێکیشمان دەست نەکەوتووە، دەزگا ئەمنییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە بەڵام هیچ سەرەداوێکیان پێ نەداوین“.
هەرچەندە هیوا گەیلانی بە دووری نازانێت کە ئەم کارە، دەستێک بێت بۆ تێکدانی رەوشی ئەمنی و ناسەقامگیری لە دەڤەرەکەیان، بەڵام نایشارێتەوە کە ”هەرسێ خانەوادە پارتین، بۆیە گومانێکیش دەکەین کە دەستێک بێت بۆ چاوترساندنی خەڵکی پارتی لەم سنوورە“.
بەرپرسی لقی ١١ی پارتی، ئەرکی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان و کادیران و لایەنگرانی حزبەکەی لە سنوورەکە دەخاتە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکان و داواش دەکات کە بۆ ئەوەی پرسیاریان نەکەوێتە سەر، ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە ئەم کردەوانەیان ئەنجام داوە.
باسنيوز
