لەسەر گیرانی پارێزەرێك گرژی دەكەوێتە نێوان توركیا و ئەڵمانیا
بەرپرسێك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا قسەی بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) كردووە و، دەڵێت وەكوو ئەڵمانیا زۆر بە چڕی كار لەسەر دۆسیەی ئەو پارێزەرە دەكەین و پاشان بۆ رای گشتی روون دەكەینەوە.
ئەو پارێزەرە كە ناوی جارێ ئاشكرا نەكراوە، لەڕێگەی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیاوە لە ئەنقەرە، كاری بۆ ئەو كەسانە دەكرد كە توركن و داوای مافی پەنابەری دەكەن لە ئەڵمانیا.
ماڵپەڕی (BBC)ی توركی بە پشتبەستن بە میدیاكانی ئەڵمانیا ئاشكرای دەكات، ئەو پارێزەرە دۆسیەی ٥٠ هاووڵاتیی توركی پێ بووە، كە داوای مافی پەنابەرییان كردووە لە ئەڵمانیا و، داواكەشیان لەلایەن حكوومەتی ئەڵمانیاوە قبوڵ كراوە.
لەناو ئەو ٥٠ كەسەدا زۆربەیان كوردن، هەروەها بەشێكیشی سەر بە بزووتنەوەی خزمەتن كە فەتحوڵا گولەن سەرۆكی ئەو بزوتنەوەیەیە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی ئەڵمانیا، پێ دەچێت دۆسیەی ئەو٥٠ كەسە كەوتبێتە دەستی میتی توركیا، بۆیە بە سیخوڕ تۆمەتباریان كردووە.
لە دوای هەوڵی كوودەتایەكەی ١٥ی تەمووز لە توركیا، هاووڵاتییەكی زۆر لە توركیاوە بەرەو ئەورووپا كۆچ دەكەن و داوای مافی پەنابەری دەكەن.
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩دا ٩ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتی توركیا داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەورووپا كردووە. ئەم رێژەیەش لە چاو ٢٠١٨ بە ٨٪ زیادی كردووە.
باسنيوز
