لە هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانی کەمدەبێتەوە

لە هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانی کەمدەبێتەوە
بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و زۆری بەکارهێنانی ئامێرە گەرمکەرەوەکانەوە پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە. وەرزی سەرما و بەکارهێنانی ئامێری کارەبایی فشاریان لەسەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا زیادکردووە، ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی لە شەو و رۆژێکدا 14 کاژێر کارەبای نیشتمانی بە هاونیشتمانیان بدرێت.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای کوردستان راگەیاند "لە پڕدا خواست لەسەر کارەبا زیادیکردووە. پێشتر 21 کاژێر کارەبامان دەدا، بەڵام ئیستا بۆ 14 کاژێر دابەزیوە و تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە هەر وادەبێت. رەنگە دواتر کەمتریش بکرێتەوە".

هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای کوردستان رایگەیاند "ئێستا وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان پرۆژەی دانانی پێوەری زیرەکی کارەبایان بۆ ملیۆنێک و 562 هەزار و 515 هاوبەشی کارەبا دەستپێکردووە کە بە هۆکاری سەرەکیی چارەسەرکردنی بەشی زۆری کێشەکان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی کارەبا دادەندرێت".

کوژانەوەی کارەبا ئەو کێشەیەیە کە نزیکەی سێ دەیەیە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئێستا هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە چوار هەزار و 500 مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام تەنیا سێ هەزار و 200 بۆ سێ هەزار و 500 مێگاوات بەرهەمدەهێندرێت، لەکاتێکدا وێستگەکانی کارەبا توانای بەرهەمهێنانی شەش هەزار و 700 مێگاوات کارەبایان هەیە.

هەرێمی کوردستان خاوەنی 12 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە: پێنج وێستگەی گازی سروشتی، دوو وێستگەی گازوایل، دوو وێستگەی ئاوی، سێ وێستگەی 29 مێگاواتیی نەوتی رەش کە ئێستا کارناکەن.

تاوەکو هەفتەیەک پێش ئێستا وەزارەتی کارەبا توانای پێدانی زیاتر لە 20 کاژێر کارەبای هەبوو، بەڵام لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەتایبەتی لە شەودا و بەکارهێنانی ئامێرە کارەباییەکان بۆ گەرمکردنەوە، کارەبا کێشەی تێکەوت. ئێستا لە باشترین دۆخدا حکومەت دەتوانێت نزیکەی 14 کاژێر کارەبا دابینبکات. چاوەڕوان دەکرێت نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمتربکاتەوە.
Top