" نێچیرڤان بارزانی گشت ڕێگاچارەکان دەدۆزێتەوە بۆ پاراستنی کوردستان لە مه‌ترسییه‌كان "
مامۆستایەکی زانسته سیاسییه‌كان دەڵێت: "ئەزموونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمێژە ئەوەی سەلماندووە کە خاوەنی ستراتیژێکی دیپلۆماسییە و لە هه‌موو پێشهاته‌كاندا دەستپێشخەر بووە بۆ ئەوەی کوردستان لە کێشەکان بەدوور بگرێ، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش دڵخۆشن بە لێكنزیكبوونه‌وه‌ی لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی مافه ده‌ستوورییەکان و بەرژەوەندییەکانی گه‌لی كوردستان."
هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕواننە وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە لە دووەم ڕۆژی "دیداری ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست"، له زانکۆی ئه‌مه‌ریکی له دهۆک پێشکەشی کرد و باسی له كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و عێراق و دۆزی كورد كرد و ڕایگه‌یاند، دۆزی کورد، کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و چاره‌سه‌رکردنیشی به‌شێکی گرنگی ئاشتییه له ناوچه‌که‌دا.
ئارێز محەمەد، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە لێدوانێکدا باسی لەوە کرد: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە دەسپێشخەر بووە لە هه‌موو پێشهاته‌كاندا و ئەنجامەکەشی لە سوودی گەلی کوردستان بووە، بۆیە هەر کارێک بکات بە دڵنیاییەوە كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی ده‌بێت، هەروەک چۆن بە کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەر بووە."
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا ئاماژه‌ی به ده‌رئه‌نجام و لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی تیرۆر له ناوچه‌كه‌دا كرد و گوتی: "کوردستان له‌م ڕه‌وش و قه‌یرانانه به‌ده‌ر نییه. ده‌بێت به وریایی کار بکات بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ژینگه ئاڵۆزه‌دا به ئاسووده‌یی به‌ڕێوه بچێت. بۆیه هه‌وڵمان داوه و به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی ستراتیژمان هه‌بێت بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م کێشانه. ستراتیژی ئێمه درێژکردنه‌وه‌ی سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستانه بۆ عێراق و ناوچه‌که، به تێڕوانینی ئێمه تاکه ڕێگه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان دانوستان و چاره‌سه‌ری سیاسییه."
بنار عەلی، کە دانیشتووی شاری سلێمانییە، لەبارەی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان خەمخۆرانە هەوڵی جددی دەدات بۆ پاراستنی یەکڕیزی و بەدەستهێنانی ماف و خواستەکانی گەلی کوردستان، بۆیە بە دڵنیاییه‌وه گشت ڕێگاچارەکان دەدۆزێتەوە بۆ پاراستنی کوردستان لە مه‌ترسییه‌كان، به‌تایبه‌ت مه‌ترسیی تیرۆر."
د. سەردار قادر، مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان لە لێدوانیکیدا گوتی: "یەکگوتاری و یەکهەڵویستیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەمبەر هاوکێشەکانی دەوروبەر لە پرسە نەتەوەییەکاندا گرنگە، چونکە تەبایی و یەکڕیزی و یەکترقبووڵکردن کۆتاییی کێشەکانە و پەیامێکی پڕ مانای سیاسییە بۆ دەوروبەر".
قادر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەوەندەی نەمانی فیدراڵیەت دەبێتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەندە گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە عێراق گرفت دروست ناکات، پێویستە هەموارکردنەوەی دەستوور لە بەرژەوەندیی کورد و کوردستاندا بێت، بۆیە گرنگە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەرە لە کێشە و ئاڵۆزییەکاندا، ئەو پەیامەکەشی بە ڕوونی بە گوێی سیاسییەکانی عێراق گەیاندووە و دۆزی کوردیشی بە بڕبڕەی پشتی سەقامگیری و هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەسف کرد و دەبێت ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بەرچاوڕوونییان هەبێ لەوەی کە نابێ دۆزی کورد پشت گوێ بخرێ، بۆ ئەمەش دانوستان باشترین ڕێگە چارەیە و لەدوای هەر کێشە و ناخۆشییەک دواجار هەر گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دوابژاردەیە."
