لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی حکوومەت سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەستی لەکار کێشایەوە
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە دەست کەوتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ١١ی ٢٠١٩، ئەندازیار سامان محەمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، نامەی دەست لەکار کێشانەوەی پێشکەش بە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
لەمبارەیەوە کرمانج دەشتەکی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر زانیارییەکەی پشتڕاست کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”سەرۆکی شارەوانیی هەولێر نامەی دەست لەکار کێشانەوەی پێشکەش کردووم“.
ڕوونیشی کردەوە کە بابەتی دەست لەکار کێشانەوەکە ”لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی حکوومەتە و ئەو پۆستە گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و دەدرێتە کەسێکی دیکە".
ساسان عەونی رەتی کردەوە بابەتی دەست لەکار کێشانەوەکەی سامان محەمەد پەیوەندی بە لێپرسینەوەوە هەبێت، بەڵکوو ”لەچوارچێوەی کۆمەڵێک گۆڕانکارییە لە پۆستە ئیداری و حکوومییەکان کە ئەو گۆڕانکارییانە بەردەوامیشیان دەبێت“.
باسنیوز
