لە هەولێر و سلێمانی پێدانی کارەبانی نیشتمانی بە هاونیشتمانییان کەمیکردووە

لە هەولێر و سلێمانی پێدانی کارەبانی نیشتمانی بە هاونیشتمانییان کەمیکردووە
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بەهۆی گرفتی وێستگەکانی غاز و چەند گرفتی تەکنیکی دیکە، پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی بە هاونیشتمانییان لە هەولێر و سلێمانی کەمیکردووە.

بەڕێوەبەری گشتی کارەبای هەولێر رایدەگەیێنێت، بەهۆی گرفتی وێستگەکانی غاز و چەند گرفتی تەکنینکی پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کەمیکردووە. لەکاتی چارەسەربوونیان پێدانی کارەبا 13 بۆ 14 کاژێر دەبێت.

بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانیش دەڵێت؛ بەهۆی شەپۆلی سەرماوە کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی گۆڕانی بەسەرداهاتووە.

حوسێن حەمە قادر، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر راگەیاند "لە 16 رۆژی رابردوودا لە وێستگەکانی غازی خورمەڵە و کۆرمۆر بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە، بەوهۆیەش کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەهاووڵاتیان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و نەتواندراوە خشتەی کارەبای بەردەست وەکخۆی جێبەجێبکرێت".

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، لە چەند رۆژی رابردوودا لە شەو و رۆژێکدا 8 بۆ 10 کاژێر کارەبا دراوەتە هاونیشتمانییان، "بەڵام ئەگەر دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و گرفتە تەکنیکیەکانی وێستگە و تۆڕەکانی کارەبا چارەسەربن، ئومێددەکەین بچینەوە ئەو ئاستەی پێشتر، کە لە پارێزگای هەولێر رۆژانە 13 بۆ 14 کاژێر کارەبای نشتیمانی دەدرا".

حوسێن حەمە قادر دەشڵێت "لە هەولێر پێشتر لەتۆڕی نیشتمانی 950 بۆ 1000 مێگاوات کارەبامان وەردەگرت، بەڵام بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و زۆربوونی خواست، بەکارهێنانی کارەبا بۆ 2000 مێگاوات بەرزبووەتەوە".

هاوکات سیروان محەممەد، لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی راگەیاند "ماوەی دوو رۆژە بەهۆی کەمبوونەوەی پەستانی غاز و هاتنی سەرما و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماوە کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە سلێمانی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە. لە دوێنێوە لەماوەی 24 کاژێر زیاتر لە 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی بڕاوە".

سیروان محەممەد باسی لەوەشکرد "بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ سووتەمەنی دابەشنەکراوە، خەڵکی ناچارن پەنا بۆ بەکار‌هێنانی ئامێری گەرمکەرەوەی کارەبایی ببەن. ئەوەش گوشاری دروستکردووە و بۆ وەرزی زستان پێویستمان بە 1500- 1800 مێگاوات کارەبایە".

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر داوا لە هاونیشتمانییان دەکات هێندەی لەتوانایاندایە هاوکاریان بن، دووربکەونەوە لە زێدەڕۆییکردن لە بەکارهێنانی کارەبا و بەشێوەیەکی تەندروست بەکاریبهێنن تاوەکو ئەو سامانە بەفیڕۆنەچێت".
Top