وەزیری دارایی و ئابووری: مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواكەوتن بەردەوامدەبێت

وەزیری دارایی و ئابووری: مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواكەوتن بەردەوامدەبێت
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەو هەواڵانەی باس لە دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران دەکەن رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، دابەشکردنی مووچە بەبێ دواکەوتن بەردەوامدەبێت.

ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئەو هەواڵەی ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە كە گوایە مووچەی فەرمانبەران لە مانگەكانی 10، 11 و 12 پاشەكەوت دەكرێت، دەڵێت "مووچەی فەرمانبەران 30 رۆژ جارێك لەكاتی خۆیدا بەبێ دواكەوتن دابەشكراوە و بەو شێوەیەش بەردەوامدەبێت".

وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەشکردووە "پاشكەوت هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، لەسەرەتای دەستبەكاربوونمان بە هیچ جۆرێك مووچە دوانەكەوتووە و لەكاتی خۆیدا موچە دابەشكراوە".

ئەو وەزیرە جەختی لەوەش كردەوە "دەبێت هاووڵاتی و مووچەخۆران هۆشیاربن هەموو بڕیار و رێنماییەكانمان لە راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری بە شەفافی بڵاودەكەینەوە. بۆیە نابێت بڕوا بە درۆ و چەواشەكاری بكەن".


بەیانی ئەمڕۆ هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند: لەسەر پرسی چارەنووسی مووچەكانی ئەمساڵ ‌و سیاسەتی دارایی ‌و ئابووری كوردستان ‌و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا لەبارەی بوودجە‌و نەوت ـەوە بانگهێشتی وەزیری دارایی كوردستانیان بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان كردووە. "جارێكی دیكەش بانگهێشتی وەزیری دارایمان كرد ئەوكاتە بۆی نەكرا بێت، ئەمە دوومجارە بانگهێشتی دەكەین، ئومێد دەكەین بەم نزیكانە بێت، تاوەكو ئێمەش لەسەر ئەو كۆمەڵە پرسە بەرچاومان روونبێت".

بەپێی ئەو ئامارانەی هێڤیدار ئەحمەد گوتی، مانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە ‌و خەرجییەكانی پێویستی بە یەك تریلیۆن ‌و 70 ملیار دینارە، لەوەش نزیكەی 885 ملیار دیناری بۆ مووچە تەرخاندەكرێت.


پێشتریش فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەدواداچونیان بۆ دەنگۆی پاشەکەوتکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ کردووە و بەهیچ جۆرێک راست نییە.

لە راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی گۆڕان ئەوەشهاتووە "هەم له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و هه‌م له‌ دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک هیچ بڕیارێک نییه‌ بۆئه‌وه‌ی هیچ مووچه‌یه‌ک پاشه‌که‌وتبکرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئاماده‌کاری پێویست بۆ مووچه‌ی مانگی ئاینده‌ کراوه‌".


سەرچاوەكانی داهاتی مووچەش 51% لە بەغداوە دابیندەكرێت كە مانگانە 452 ملیار دینار ‌و 49%ـی لە ناوخۆی كوردستانەوە دابین دەكرێت، كە 360 ملیار دیناری لە داهاتی نەوت ‌و 60 ملیار دیناری لە وەزارەتی دارایی ‌و 25 ملیار دیناریشی دیاری ئەمریكییەكانە بۆ هاوكاری پێشمەرگە.
Top