بڕیارێک لە دژی سەرۆک و بەشێک لە ئەندامە کوردەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەردەکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی ١١ی ٢٠١٩، دادگای لێکۆڵینەوەی نەزاهەی کەرکووک، فەرمانی چوونە بەردەم دادگای بۆ ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و ١١ ئەندامی کوردی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەرکردووە.
ئەو کەسانەی کە فەرمانەکەیان بۆ دەرکراوە، سەرجەمیان لەو ئەندامانەی ئەنجومەنن کە نەچوونەتە ژێر ڕکێفی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هۆکارەکەش نەگەڕانەوەیانە بۆ کەرکووک کە چەند ساڵێکە هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەوە، ئەم دۆخە نایاساییەی لە شارەکەدا هەیە، پەسەند بکرێت.
لەمبارەیەوە محهمهد کهمال، سەرۆکی لیستی برایەتیی کەرکووک کە یەکێکە لەو کەسانەی ناوی لە لیستی ئەوانەدا هەیە کە فەرمانەکەیان بۆ دەرکراوە، ڕايگەیاند: “ئەم نووسراوه بهههڵه تێگهیشتنی تێدایە، بهپێی یاسای ئهنجومهن، ئهگهر له سێ کۆبوونهوه بهشداری نهکهین، ئینجا رێکار دەگیرێتە بەر، بهڵام له ساڵی ٢٠١٧ەوه تاوەکوو ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ٣ کۆبوونەوەی نەکردووە”.
ڕوونیشی کردەوە کە دادوەرەکە ئاگادار دەکەنەوە لەبارەی ناوەڕۆکی نووسراوەکە و ئەو هەڵەیەی کراوە، چونکە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەهۆی کارەکانیان بەپێی یاسای ئەنجومەنەکە دەکرێت نەک بەپێی یاسای سزادانی عێراقی.
هەر لەمبارەیەوە، دڵشاد عەزیز، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی رای گەیاندووە کە ئەم بڕیارە بە ئامانجگرتنێکی سیاسیی ڕوونی ئەندامە کوردەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکە.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا کوتلە عەرەبی و تورکمانییەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ٤ ساڵ بایکۆتی ئەنجومەنەکەیان کردووە، بەڵام لەلایەن دادگاوە بانگهێشت نەکراون و سزاش نەدراون.
باسنيوز
