لە سنووری كەركووك حەوت مۆڵگەی داعش تێك دران
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كە تێیدا هاتووە، پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق هەڵمەتێكی پشكنینیان دەست پێكرد لە ناوچەكانی رەمل و كەرخان و ئیدریس هەیاس و خەبازی سنووری پارێزگای كەركووك، لە ئەنجامدا توانیان دەست بەسەر 11 بۆمبی چێندراودی داعشدا بگرن و پاشان پۆچەڵ كرانەوە".
راگەیەندراوەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە هەمان هەڵمەتی پشكنیندا توانرا حەوت مۆڵگەی داعش بدۆزنەوە و پاشان مۆڵگەكان تێكدران.
لەبارەی زۆریی جموجۆڵی داعش لە سنووری كەركووك، ئەمڕۆ دووشەممە 18/11/2019، عادل كاكەیی، شارەزای سەربازی و فەرماندەی پێشمەرگە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "داعش سوود لەو ناوچانە دەبینێ كە بۆشایی ئەمنی تێدایە و ئەو بۆشاییە ئەمنیانە لە سنووری حەمرین و حەویجە زۆرە، پێشتر پێشمەرگە ئەو ناوچانە باش دەپاراست و رووبەڕووی داعش دەبوونەوە و هێزە عێراقییەكان لەڕووی تەكتیكی سەربازییەوە لاوازن و نامۆن بە ناوچەكە، چونكە زۆرینەیان خەڵكی باشووری عێراقن، ئێستا لەوەتی داعش كە سەركردەكەیان كوژراوە شپرزەیی كەوتووەتە ناویان".
گوتیشی: رەنگە داعش بەنیازی تۆڵەسەندنەوەش بن و دۆخەكە سەقامگیر نییە بەتایبەت كە ناوچە ناوچەكی كوردستانییە و دەسەڵاتی كوردی لەوێ نەماوە، بۆیە دەبێ هەر چاوەڕێ ئەو دۆخە نەخوارزاوەی لێ بكەین".
باسنيوز
