داواکاری گشتی سکاڵا لە دژی چەند سایت و ڕۆژنامەیەک تۆمار دەکات

داواکاری گشتی سکاڵا لە دژی چەند سایت و ڕۆژنامەیەک تۆمار دەکات
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی لەبارەی هەواڵێکی ناڕاستەوە بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد کە ئەوان ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە ژمارەیەک ماڵپەڕ و ڕۆژنامە دەگرنە بەر.

بەپێی ڕوونکردنەوەکەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی ١١ی ٢٠١٩ بڵاو کراوەتەوە، لە چەند ماڵپەڕ و ڕۆژنامەیەکدا هەواڵێکی ناڕاست بڵاو کراوەتەوە کە گوایە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی بەدواداچوون لەبارەی کڕینی ڤێلایەک لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

هاوکات جەخت کراوەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک سکاڵا و بابەتی لەم جۆرەیان بەدەست نەگەیشتووە و کاریان لەسەر نەکردووە، ئەم هەواڵانەشی بە “دوور لە ڕاستی” وەسف کرد.

سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی ئەوەشی راگەیاندووە کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەم ماڵپەڕ و ڕۆژنامانە دەگرنە بەر کە ئەم جۆرە هەواڵانەیان بڵاو کردووەتەوە و بوونەتە هۆکاری لەکەدارکردنی دەزگاکانیان.

پێشتر لە ڕوونکردنەوەیەکدا نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاندبوو: ”لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، هەواڵێکی ناڕاست لە سایتێکی ئەمەریکی بڵاوکرابوویەوە و بە شێوەیەکی ناڕەوا، ناوی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بابەتی کڕینی ڤێلایێکەوە لکێندرابوو“.

ئەوەشی ئاشکرا کرابوو کە هەندێ سایت و میدیای ناوخۆ ”بە شێوەیەکی چەواشەکارانە“ پەرەیان بەو هەواڵە ناڕاستە داوە.

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت جەختی کردبووەوە کە سەرلەبەری هەواڵی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ڕەت دەکەنەوە و رێکاری یاساییش بەرامبەر بەو چەواشەكارییانە دەگرنە بەر.














باسنيوز
Top