هەسەدە تل تەمر رادەستی هێزەکانی رووسیا دەکات

 هەسەدە تل تەمر رادەستی هێزەکانی رووسیا دەکات
هێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) شارۆچکەی تل تەمر رادەستی هێزەکانی رووسیا دەکەن.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە گوێرەی رێککەوتن لەگەڵ رووسیا و حکوومەتی سووریا، شارۆچکەی تل تەمر رادەستی هێزەکانی رووسیا دەکات.

بەگوێرەی رێککەوتنەکەش هێزەکانی رووسیا و حکوومەتی سووریا لە شارۆچکەی تل تەمر بڵاودەکرێنەوە و هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنیش لە دەوروبەری تل تەمرەوە تاوەکو سنووری سەرێکانی دەکشێنەوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشكردووە، نزیکەی 15 ئۆتۆمبێلی سەربازی رووسیا لە حەلەبەوە چوونەتە شاری قامشلۆ و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامشلۆ جێگیر کراون، کە ژمارەیەک سەربازیش لەخۆ دەگرێت.

رەوانەکردنی هێزی زیاتر لەلایەن رووسیاوە، لە کاتێکدایە مۆسکۆ بەنیازە بنکەیەکی سەربازی لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ دروست بکات و رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ژمارەیەک هێلیکۆپتەری رەوانەی قامشلۆ کردبوو.



K24
Top