پۆلیسی گەرمیان: لە سنووری کفری کەسێک کوژراو و سێ کەسی دیکەش برینداربوون
ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە 16-11-2019) بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕ لەنێوان چەند کەسێک دروستدەبێت. پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: ''رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە روویداوە، ئەمەش دوای ئەوەی چوار بریندار دەگەیێندرێنە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار، کە بەهۆی بەرکەوتنی گوللەوە برینداربوون".
دوای ئەوەی بریندارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و لە سێ کەسەکەی دیکەش دووانیان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە دەگەیێندرێنە سلێمانی.
عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال، قەدووری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان راگەیاند، ئەوەی گیانی لەدەستداوە ناوی (س.م.ا)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1980ـەیە. سەرجەمی قوربانییەکانیش خەڵی گوندی ئۆمەربلن.
بەگوتەی یەکێک لە بریندارەکان "رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە و ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێو شارۆچکەی سەرقەڵا دەستڕێژی گوللە لە ئۆتۆمبێلەکەیان کراوە".
پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردوە و چەندین بەڵگە لە شوێنی رووداوەکە کۆکراونەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند تۆمەتبارێک دەرچووە.
