خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانیی لێ کەوتەوە

خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانیی لێ کەوتەوە
پاش ئەوەی لە شەوی ڕابردووەوە لە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی گرانبوونی بەنزین خۆپیشاندان دەستی پێکرد، ئەمڕۆ خۆپیشاندانەکان ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە و ئاڵۆزی دروست بووە و باس لەوە دەکرێت لە سنە کەسێک بە دەستڕێژی گوللە کوژراوە.

هاوکات زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە شاری (خوڕەمشەهر)ی سەر بە پارێزگای خووزستان، چوار کەس کوژراون و لە شاری سنە و لەبەردەم زانکۆی ئازاد خۆپیشاندەرێک کوژراوە و شەوی ڕابردووش لە شاری (سیرجان) کەسێک کوژراوە.

تاکوو ئێستا ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هەواڵی کوژرانی ئەو خۆپیشاندەرانەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

هاوکات لە شاری بێهبەهان بانکێک سووتێدراوە و لە زۆربەی شارەکان خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران بە کوژراندەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان لەناو شەقامەکان و سووتاندنی تایە شەقامە سەرەکییەکانیان بەستووە.

هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی (شائاباد، کرماشان، سنە، ورمێ، تاران و تەورێز و ...) بۆ بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێکسڕێژیان بەکار هێناوە ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران کراوە.

لە چەندین شار لە ڕووبەڕوو بوونەوەی خەڵک و خۆپیشاندەراندا ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان سووتێدراون و لە تاران و پارێزگای گولستان لە باکووری ئیران دوو بانک سووتێدراون و ئاڵۆزییەکان هەتا دێت پەرە دەستێنن.

بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکان ئێران ئەمڕۆ هەر سێ سەرۆکایەتیی ئێران (سەرۆک کۆماری، پەرلەمان و دەزگای دادوەری) لەگەڵ ناوەندی هاوکاریی ئابوورییەکان کۆ بوونەوتەوە و هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین و خۆپیشاندەران تاوتوێ دەکەن.

لە بەیانیی ئەمڕۆ شەممەوە خێرایی ئینتەرنێت لە زۆربەی شارەکان کەم بووەتەوە.
Top