تورکیا قەیوومی بۆ سێ شارەوانیی دیکەی کوردستان دانا

 تورکیا قەیوومی بۆ سێ شارەوانیی دیکەی کوردستان دانا
دوای دەستگیرکردنی سێ شارەداری کوردی باکووری کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ١١ی ٢٠١٩، تورکیا قەیوومی بۆ سێ شارەوانیی دیکەی باکووری کوردستان دانا.



ڕۆژی هەینی ١٥ی ١١ی ٢٠١٩، سه‌رۆکی شارەوانییەکانی ناوچەکانی (سته‌ور، دێرک و شه‌مره‌خ) له‌ پارێزگای ماردین و سه‌رۆکی شارەوانیی ناوچه‌یی (سرووچ) له‌ پارێزگای ڕوها له‌ باکوری کوردستان، به‌ تۆمه‌تی هاوکاریکردنی تیرۆر کە تورکیا بۆ (پەکەکە) بەکاری دەهێنێت، دەستگیر کران.



به‌گوێره‌ی میدیاکانی تورکیا، ئەمڕۆ بۆ سێ ناوچه‌ی پارێزگای ماردین، قه‌یووم سه‌پێندراوە، به‌ڵام هێشتا قەیووم بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی سرووچ نەسەپێندراوە.



له‌ شوێنی مولکیه‌ ئه‌سمه‌ز، سه‌رۆکی شاره‌وانیی ناوچه‌ی دێرک، هاکان کافکاس کە پێشتر قایمقامی ناوچەکە بووە، دانراوە. ‌ له‌ شوێنی نالان ئۆزایدین، سه‌رۆکی شاره‌وانیی شه‌مره‌خ، موحسین دووران کە قایمقامی ناوچەکە بووە، دانراوە. هەروەها له‌ شوێنی سه‌رۆکی شاره‌وانی سته‌وریش، بایرام توورکەر، قایمقامی ستەور دانراوە.



لە ماوەی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی سیاسەتی لادانی شارەدارانی هەڵبژێردراوی خەڵک لە پارێزگا و شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە، ٢٣ سه‌رۆک شاره‌وانیی هه‌ده‌په‌ دوورخراونەتەوە و له‌شوێنەکانیاندا قەیووم دانراون.



له‌ هه‌ڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩دا، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لەنێو باکووری کوردستاندا پشتیوانییەکی تاڕادەیەک باشی لێ دەکرێت، ٦٥ سەرۆک شارەوانیی باکووری کوردستانی بەدەست هێنا.




باسنيوز
Top