وەزیری تەندروستی: 47 بەرکەوتەی کیمیایی رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن

وەزیری تەندروستی: 47 بەرکەوتەی کیمیایی رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کێشەکانی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی کیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە چارەسەر دەکرێن و کۆمەڵێک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.

ئەمڕۆ لە هەولێر، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئازاد تۆفیق، پاریزگاری هەڵەبجە، قایمقامی هەڵەبجە و شاندێکی یاوەری کرد.

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاندووە: "لە کۆبوونەوەیەکدا چەندین داواکاری و کێشە و گرفت خرانە بەرباس و گفتوگۆ، رامانگەیاند کەوا بە رەزامەندی بەڕێز جەنابی سەرۆکوەزیران، کاروانێکی (47) کەسی لە نەخۆشانی بەرکەوتەی کیمیایی بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن".

بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەیان بەگوتەی وەزیری تەندروستی چارەسەرکردنی کێشەکانی پڕۆژەی نەخۆشانەی بەرکەوتووانی کیمیایی بووە لە هەڵەبجە کەوا بڕیاری پێویستی لەبارەوە دراوە.
Top