قایمقامیەتی هەولێر پشکنین و بەدواداچوون بۆ چەندین شوێن ده‌كات

قایمقامیەتی هەولێر پشکنین و بەدواداچوون بۆ چەندین شوێن ده‌كات
لێژنەی پشکنین و چاودێریی بازاڕى قایمقامیه‌تى هه‌ولێر، پشکنین و بەدواداچوون بۆ چەندین شوێن ده‌كات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14/11/2019، قایمقامیه‌تى هه‌ولێر ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك)، ڕاگه‌یاندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "لێژنەی پشکنین و چاودێریی بازاڕ بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر و سەرۆکی لێژنە، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ پشکنین و بەدواداچوونیان بۆ حه‌وت مارکێت و شیرنەمەنی و بەروبوومی پەلەوەر و ئاژەڵی ئەنجام دا".

باس له‌وه‌ش كراوه‌: "ئامانج لە پشکنین و بەدواداچوونەکانی ئەم لێژنەیە دڵنیابوونە لە جێبەجێکردنی مەرج و ڕێنماییەکان، ئەو شوێنانەی سەرپێچییان هەیە، کەم و کوڕییەکان تۆمار دەکرێن و کاردانەوەی یاسایی بەرامبەر خاوەنەکانیان دەکرێت، هه‌روه‌ها مەبەست لە پشکنین و چاودێری و بەدواداچوونەکانی قایمقامیەتی هەولێر لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییانە".

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، كه‌ هەر شوێنێک پابەند نەبێ بە مەرج و ڕێنماییەکان، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکانیان دەکرێت جگە لە داخستنی شوێنەکانیان، دواتر سزای پێبژاردن لە ملیۆنێک دینار دەست پێ دەکات تا پێنج ملیۆن، ئەوەش بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە کە ئاراستەی قایمقامیەتی هەولێر کراوە.

قایمقامیه‌تى هه‌ولێر هاووڵاتییان له‌وه‌ ئاگادار دەکاته‌وه‌: "بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو سکاڵایانە دەکرێن، کە ڕۆژانە ئاراستەی لێژنەکانی قایمقامیەت دەکرێن“.












باسنيوز
Top