كاركردن لە تونێلی بەنی هەریر دەستی پێكردەوە
كاروان كەریم خان، بەرێوەبەری ناحیەی خەلیفان، لەو بارەیەوە ڕايگەیاند: "لەلایەن كۆمپانیای یەرتاشی توركی كە سەرەتا كاریان لە پڕۆژەكە دەكرد، بەڵام بۆ ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی قەیرانی دارایی كاركردنیان لە تونێلەكە وەستابوو، نزیكەی مانگێكە لە رێكەوتی ٢٠-١٠-٢٠١٩ەوە هاتووتەنەوە سەر كارەكەیان و ئێستا كاركردن لە پڕۆژەكە بەردەوامە.
گوتیشی: "كۆمپانیای ناوبراو ئیرادەیەكیان هەیە بۆ ئەوەی پڕۆژە تەواو بكەن، بۆیە ئەگەر بێت و بارە داراییەكەیان بۆ فەراهەم بكرێت، ئەو بەشەی كە نزیكەی 51٪ی كارەكانی ماوە، لە ماوەی دیاریكراودا كە ١٨ مانگە كۆتایی بە كارەكانیان دێنن و پڕۆژە تەواو دەبێت".
بەڕێوەبەر ناحیەی خەلیفان ئاماژەشی بۆ ئەوەش كرد: "بەپێی ئەو گوژمەیەی بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان دابین كراوە، بۆ ناحیەی خەلیفان بڕی (ملیارێك و هەشت سەد ملیۆن) دینار تەرخان كراوە تایبەت بۆ چاکكردنی ڕێگا دەرەكییەكانی سنووری ناحیەكەمان، بەمەش ئێستا كاركردن لە پڕۆژەكان بەردەوامە. جیا لەوەش بڕی (هەشت سەد ملیۆن) دینار بۆ دروستكردنی بنكەی وەرزش و لاوان بودجە تەرخان كراوەو ئێستا كاركردن لەو پڕۆژەیەش بەردەوامە".
تونێلی بەنی هەریر بە درێژایی نزیكەی ٤ كیلۆمەتر كەوتووەتە نێوان ناحیەی هەریر و ناحیەی خەلیفان لە سنووری نێوان هەردوو قەزای شەقڵاوە و سۆران، ڕێگای هەولێر بە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەبەستێتەوە.
بەتەواوبوونی پڕۆژەكە مەودای نێوان هەولێر و قەزاكانی سۆران - چۆمان - ڕواندز - مێرگەسۆر بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە.
باسنيوز
