بەرپرسی هەدەپە لە عەنتاب دەستگیر كرا

بەرپرسی هەدەپە لە عەنتاب دەستگیر كرا
بەرپرسی پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) لە پارێزگای عەنتاب لە باکووری کوردستان، لەلایەن پۆلیسی ئەو شارەوە هێرش کراوەتە سەر ماڵەكەی و دەستگیر کراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤ی١١ی٢٠١٩ پۆلیسی غازی عەنتاب لەسەر داوای داواكاری گشتیی عەنتاب، هەڵدەكوتنە سەر ماڵی (موسلیم كلیچ) بەرپرسی هەدەپە لە عەنتاب و دەستگیری دەكەن.

ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، دوای ئەوەی موسلیم دەستگیر كراوە، پۆلیس تەواوی ماڵەكەیانی پشكنیوە و هەموو كەلوپەلەكانیان هێناوەتە دەرەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوەتەوە، موسلیم كلیچ بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەی، هەروەها كاری سیخوڕی بۆ پەكەكە كردووە، دەستگیر كراوە.

جگە لەوەش پۆلیسی عەنتاب هەڵیكوتاوەتە سەر بارەگای هەدەپە و تەواوی بیناكەی پشكنیوە و نەیهێشتوە هیچ كارمەندێك بێتە ژوورەوە.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا 20 سەرۆک شارەوانیی سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) لە باکووری کوردستان و شارەکانی دیکەی تورکیا لەکار دوور خراونەتەوە و لەجێگەیان قەیووم دانراوە و هاوکات زیاتر لە 200 ئەندامی هەدەپەش بە بیانووی ئەندامەتیی پەکەکە و دژایەتیی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستگیر کراون.












باسنيوز
Top