لەسەر داوای راکان جبووری هێزێکی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەددین لە کەرکووک جێگیرکراوە
راكان سه‌عید، به نووسراوێك داوای له فەرماندەیی ئۆپراسیۆنه‌كانی سه‌لاحه‌ددین كردووه، زه‌وی و خانووی 12 گوندی كوردی سنووری سه‌رگه‌ڕان و دووبز کە زۆربەیان دوای 2003 گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان وەربگرنەوە و به‌و عه‌ره‌به هاوردانه‌ی بده‌ن كه گرێبه‌ستی ساڵی 1975 یان هه‌یه.
محەممەد ئیسماعیل، پارێزەری گوندی پەلکانە راگه‌یاند "هه‌شته‌مین نووسراوی نایاسایی راكان سه‌عیده كه ده‌یه‌وێ ئه‌م خه‌ڵكه له‌م سنووره ده‌ربكات، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه نووسراوێكی كردووه بۆ ئۆپەراسیۆنه‌كانی سه‌لاحه‌ددین و داوا ده‌كات به زه‌بری هێز ئه‌م خه‌ڵكه له زێدی باوك و باپیرانیان ده‌ربكه‌ن، به‌پێی ئه‌و نوسراوه هێز هاتووه بۆ ناحیه و بنكه‌كانی پۆلیس و ناوچه‌كه بۆئه‌وه‌ی جارێكی دیكه خه‌ڵكی ده‌ربه‌ده‌ر بكه‌ن.
راكان سه‌عید نووسراوێکی دیکەی ئاراسته‌ی فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی كه‌ركووك كردووە و داوا ده‌كات بۆ ئه‌مساڵی کشتوکاڵی ناوی ئه‌و 12 گونده‌ی سنووری دوبز و سه‌رگه‌ڕان له‌خشته‌ی پلانی كشتوكاڵی ده‌ربهێندرێت و گه‌نم، جۆ و گه‌نمه شامیان لێوه‌رنه‌گیرێت.
عه‌زیز مه‌حه‌مه‌د دانیشتووی گوندی شه‌ناغه ده‌ڵێت: گه‌مارۆیان خستۆتهسهرمان، نه ئاو و نهكارهبامان پێ ناده‌ن و كڕینی كه‌ره‌سته‌ی جووتیاری و هێنان و بردن و فرۆشتنی گه‌نم و جۆ هه‌مووی له ئێمه قهدهخەكراوه، هه‌موو ئه‌مانه به‌بڕیاری راكان جبووریه و ته‌نیا چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه خاكه‌كه‌مان راده‌ستی عه‌ره‌ب بكه‌ین، ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه بیكه‌ین، چونكه ئه‌م خاكه خاكی خۆمانه.
سكاڵای جووتیارانی گونده‌كانی رۆژئاوای كه‌ركووك، گه‌یشتووەته ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و داوایانكردووه لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان پێكبهنرێت و سنوورێك بۆ نووسراوه‌كانی راكان سه‌عید دابنرێ.
جووتیارانی کوردی سنووری داقووق، دوبز، سەرگەڕان، پردێ، شوان و لەیلان تاپۆی رەشیان هەیە، لە پرۆسەی تەعریب زەوییەکانیان بەپێی گرێبەستی کشتوکاڵی بە عەرەبی هاوردە دراوە و تاوەکو ئێستا تەنیا لەسنووری پەلکانە 150 دۆنم زەوی بەو گرێبەستانە دراونەتە عەرەبی هاوردە.
