رێگری لە جووتیارانی 10 گوندی داقووق دەکرێت زەوییەکانیان بکێڵن
زیاتر لە 10 گوندی ناوچەکانی تاڵەبانی، داودە و کاکەیی لەلایەن سوپای عێراقەوە رێگریان لێکراوە تاوەکو زەوییەکانیان بکێڵن و دەست بەچاندنی گەنم و جۆی ئەم وەرزە بکەن.
زاهیر رەشید کەریم، جووتیارە گوتی "جارجار سوپا دێنن و ناهێڵن بیکێڵین، دەڵێن ئەمە زەوی عەرەبەکانە و گرێبەستیان هەیە، ئەوان عەرەبی بەدوون و کاتی خۆی سەدام حوسێن هێناونی بۆ ئێرە".
ژمارەیەک جووتیاری گوندی یەنگیجەش سەردانی فەرماندەکانی سوپایان کرد و بەڵگەی خاوەندارێتی زەوییەکانیان بۆخستوونەتەڕوو، پێیان گوتبوون ئەو زەوییانە موڵکی باپیرانیانە و پەیوەندییان بەعەرەبی هاوردەوە نییە.
لەبارەی دەستوەردانەکانی سوپا لەکێشەی زەویوزار، نوێنەرانی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق لەڕێگەی سەرۆکایەتی کۆمارەوە پەیوەندییان بەفەرماندەیی گشتی هێزەکانی عێراقەوە کرد و سکاڵایان لە هێزەکان کردووە.
هەوڵێکی دیکەی عەرەبە هاوردەکان لەڕێگەی دادگاوەیە، دوای ئەوەی دادگای داقووق پشتئەستوور بەبەڵگەنامە فەرمییەکان زەوییەکانی لەبەرژەوەندی جووتیارێکی کورد یەکلاکردەوە.
زیاتر ملیۆنێک و دووسەد هەزار دۆنم زەوی کورد لەپارێزگای کەرکووک کێشەی موڵکدارییان هەیە 300 هەزار دۆنم لەساڵانی 1975 بۆ 1979 بەبڕیاری قیادەی سەورە لەکورد سەندراون و دراونەتە عەرەبی هاوردە. لە ساڵانی 1993 تاوەکو 2003، 800 هەزار دۆنم زەوی دیکە بەبڕیاری لیژنەی "شئون شیمال" لەکورد سەندراونەتەوە.
نزیکەی 90 هەزار دۆنم زەوییش بەبڕیاری جیاجیا لەکورد وەرگیراونەتەوە و بە گرێبەست دراون بە جووتیارانی عەرەب.
