ژمارەی کوژراو و بریندارانی تەقینەوەکەی قامشلۆ بۆ 53 کەس بەرزبووەوە
تەقینەوەکان کاژێر 4:10 خولەکی ئەمڕۆ (دووشەممە 11-11-2019) روویانداوە، سێ تەقینەوەکە یەک لەدوای یەک روویانداوە و یەکێک لە تەقینەوەکان لە بازاڕی سەوزە و میوەی شارەکە بووە.
ئۆتۆمبێلی یەکەم لە شەقامی وەحدەی شاری قامیشلۆ تەقییەوە کە لە جۆری تەکسی بوو، بە دووری 20 مەتر لەسەر هەمان شەقام ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە جۆری جێب و دوای چوار خوولەک تەقییەوە، تەقینەوەی سێیەمیش لە نزیک نەخۆشخانەی سەلام روویدا کە لەڕێگەی مۆتۆڕسکیلێکەوە بووە و 200 مەتر لە تەقینەوەی یەکەم دووربووە.
هاونیشتمانییەک لەنزیک رووداوەکە بووە راگەیاند "جیاوازی نێوان تەقینەوەی یەکەم و دووەم تەنیا پێنج خوولەک بوو، هەردوو تەقینەوەی یەکەم و دووەمیش بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوبوون، بەڵام تەقینەوەی سێیەم کەمێک لە ئێمەوە دووربوو".
یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەی فەرمان لە قامشلۆ راگەیاند "لەسەر شەقامەکە بووین، لەناکاو دەنگێکی بەهێزهات و برینداربووم. لەدوای ئەو تەقینەوەش تەقینەوەیەکی دیکەش روویدا".
دەستەی تەندروستی قامشلۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیان کە سووتاوی بووە بەناوەکانی یاسر عەلی، نوبار ئیبراهیم و ئەحمەد عەبدوڵڵا لەڕێگەی مانگی سووری کوردییەوە رەوانەی باشووری کوردستان کراون.
هەر بەهۆی تەقینەوەکان نۆ دووکان سووتاون و زیانیان بەرکەتووە، حەوت ئۆتۆمبێلیش تێکشکاون و سووتاون، ئەمە جیا لەو زیانانەی بەر شوێنی تەقینەوەکان کەوتوون.
بە گوتەی کەنعان بەرەکات، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری ناوخۆ لە هەرێمی جەزیرە لە رۆژئاوای کوردستان تەقینەوەکان خۆکوژی نەبوونە، بەڵکو لە دوورەوە لە رێگەی کۆنترۆڵەوە ئەو ئۆتۆمبێلانە تەقێندراونەتەوە، واتە لەژێر ئۆتۆمبێلەکان بۆمب دانراون، بۆیە دەکرێت ئۆتۆمبێلەکان ئۆتۆمبێلی خەڵک بووبن.
هاوکات هێزی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر راگەیێندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکانی قامشلۆ بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 26 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی هێزی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چوار لە بریندارەکان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن.
