"ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای تۆمار کرد"
دلشاد پیرۆت، ئەندامی لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕاگەیاند: "ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دوێنێ لە شاری بەغدا سکاڵای لەسەر پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە لەبارەی دەرکردنی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بە ھیچ شێوەیەک ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و لیستی برایەتی ڕازی نین بەو بڕیارەی پەرلەمان، لەبەر ئەوەش پەنامان بۆ دادگا بردووە."
ئەندامەکەی لیستی برایەتی دەشڵێ: "بڕیاری پەرلەمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان پێچەوانەی دەستووری عێراقە، چونکە ھیچ بڕیارێک ھێزی ئەوەی تێدا نییە یاسایەک ڕەت بکاتەوە و بەپێی یاسا ئەنجومەنی پارێزگاکان پێک ھاتوون و بە یاساش کار دەکەن."
لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە، دلشاد پیرۆت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین پارێزگار لەنێو خەڵکدا ھەڵبژێردرێت و ڕاستەوخۆ ھاووڵاتییان دەنگ بۆ دیاریکردنی پارێزگار بدەن، چونکە کێشەی دانانی پارێزگارەکان چارەسەر دەکرێت و ھەنگاوێکی باشە، دانیشتووانی ھەر پارێزگایەک پارێزگار بۆخۆیان ھەڵبژێرن."
