رێكخراوێكی ئەمریكی هاوكاریی ئاوارەكانی ڕۆژئاوای کوردستان دەكات

رێكخراوێكی ئەمریكی هاوكاریی ئاوارەكانی ڕۆژئاوای کوردستان دەكات
رێکخراوی (Samaritans Purse)ی ئەمەریکی کە رێکخراوێکی کریستیانیی خێرخوازە، هاوكارییەكانی دەگەینێتە پەنابەرانی ڕۆژئاوای كوردستان و بڕیاریش وایە بۆ ماوەی شەش مانگ لە ناردنی هاوكارییەكان بەردەوام بێت.

مووسا ئەحمەد، سەرۆكی ڕیكخراوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕايگەیاند: "هاوكارییەكان لەڕێگەی ئەم رێكخراوە ئەمریكییەوە هاتوون، كە بە بەردەوامی دەورێكی كاریگەریی هەبووە لە سەرەتای دروستبوونی ئەو بارودۆخە، جگەلە هاوكاریی ئاوارە و پەنابەرەكان، بەڵكوو هاوكاریی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەتیشیان كردووە".

گوتیشی: "بڕیار وایە ئەو هاوكارییانە بەردەوام بن، پێشتریش لەڕێگەی تیمەكانیانەوە هاوكاریان هەبووە و دابەشیان كردووە. ئەو هاوكارییانەی ئەمڕۆش پێداویستیی زستانەن وەك جلوبەرگ و پێڵاو و پلاستیكی ژێر و سەر خێوەتەكان پێداویستی تریشی تێدایە".

مووسا ئەحمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، ئەوەیە ئەم هاوکارییانە تەنیا یەکجار نابێت، بەڵكوو كاروانی تری هاوكاریشی بەدوادا دێت، ئێمەش هەوڵ دەدەین لە كەمترین كاتدا بەسەر ئاوارەكاندا دابەشی بكەین، بەتایبەتیش ئاوارەكانی كەمپی بەردەڕەش".

گوتیشی: "ئەو هاوكارییانەی بەدەستمان دەگەن، ئەگەر لێرە زیاد بوون، بەدڵنیایەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستانیشی دەبەین. جگە لەوەش هاوكاری‌تر بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ئامادە كراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا كاروانی چوارەم دەبەینە ڕۆژئاوای كوردستان".

مووسا ئەحمەد باسی لەوەش كرد: "جگە لەو رێكخراوە، رێكخراوی تریش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بێن هاوكاری پەنابەران بكەن. بەتایبەت لەو كۆبوونەوەی بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە كەمپی بەردەڕەش كردمان، زیاتر لە ١٨ رێكخراو بەشدار بوون كە بەشێكی زۆریان پڕۆژەیان هەیە".

بەپێی زانیارییەکان لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 100 هەزار ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان هەیە کە تێچووی ساڵانەیان یەک ملیار و 500هەزار دۆلارە.

تەنیا لە دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە 16 هەزار ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە کەلە دوو کەمپی (بەردەڕەش و گەویلان)ی سەر بە پاریزگای دهۆک نیشتەجێ کراون.












باسنيوز
Top