کۆبوونەوەی لێژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور دەستی پێ کرد
کەمێک لەمەوبەر و بە سەرۆکایەتیی دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەی لێژنەی تایبەت بە تاوتوێکردنی هەموارکردنەوەی دەستووری هەمیشەیی ٢٠٠٥ی عێراق دەستی پێ کرد.
ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی نوێنەری سەندیکا و سەرۆکایەتیی یەکێتییەکان و مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی بواری یاسا بەڕێوە دەچێت و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەنجامیدا سەرۆکی لێژنەکە یەکلا بکرێتەوە و دەستنیشان بکرێت.
پێشتر کورد ٣ ئەندامی لە لێژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقدا هەبوو، بەڵام لە ئەنجامی هەوڵەکانی جێگرە کوردەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ژمارەی نوێنەرانی کورد لەو لێژنەیە بۆ ٦ کەس بەرز کرایەوە.
پێشتر سەرۆک بارزانی و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە هەموارکردن دەبێت بۆ پێشخستنی دەستووری عێراق بێت و هەر دەستبردنێک بۆ ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد کە لە دەستووردا گەرەنتی کراوە، ڕەت دەکەنەوە.
باسنيوز
