ئومێد خۆشناو: لەم نزیکانە پڕۆژەیاسای چاکسازی دەنێردرێتە پەرلەمان
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، لەم نزیکانەدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ پەرلەمان دەنێردرێت و ئامادەکردنیشی لە قۆناغی کۆتاییدایە.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، پرۆژەیاسای چاکسازی لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەم نزیکانە ئامادەکارییەکانی تەواو دەبێت.
لە بارەی کاتی ناردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، ”لەم نزیکانەدا“ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی پەرلەمان دەکات.
لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک کۆبوونەوەی تایبەت بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی ئەنجام دراوە و حکوومەتیش داوای لە لایەنەکان کردووە، تێبینییەکانیان لەبارەی پڕۆژەکەوە ڕەوانە بکەن.
پێشتر ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا پڕۆژەیاسای چاکسازی بە هۆکاری بڕینی مووچەی کادیرانی یەکێتی لە قەڵەم دابوو. مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبەش لە چاوپێکەوتنێکی هەفتەنامەی (باس)دا رای گەیاندبوو کە پڕۆژەیاساکە گەورەترین مەترسییە بۆ حزبەکەی، چونکە مووچەی نایاسایی هەزاران کادیریان دەبڕدرێت.
باسنیوز
