وەزارەتی پێشمەرگە: کەسێکمان لەسەر رووداوەکەی بەردەڕەش دەستگیرکردووە
ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە 10-11-2019) لەنێو لیوای 12ی پێشمەرگە لە بەردەڕەش، شەڕ لەنێوان چەند ئەفسەر و پێشمەرگە دروستبوو، بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دوای چەند کاژێرێک لە رووداوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە ''کەسی پەیوەندیدار"ـیان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.
وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر رووداوەکە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی زانیاری زیاترمان لەسەر رووداوەکە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەستکەوت، راستییەکان رادەگەیێنین.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی بەردەڕەش راگەیاندبوو کە ئەوانەی کوژراون و برینداربوون ئەمانەی خوارەوەن:
- رائید سەباح حەمەد شێخە (خەڵکی شارۆچکەی خەلیفان)ـە
- مولازمی یەک محەممەد شێخۆ عەلی (خەڵکی شارۆچکەی دینارتە).
- بریندارەکەش کوڕی رائید سەباحە و ناوی سەدادە
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوان دوو ئەفسەر لە لیوای 12ـی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، دوو ئەفسەری پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتی پێشمەرگە کەسی پەیوەندیداری دەستبەسەر کردووە، هەروەها لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەش لەسەر رووداوەکە پێکدەهێنرێت و دوای ئاشکرابوونی راستییەکان رادەگەیەنین.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
10.11.2019
