هێزەکانی یەپەگە و ڕژێمی سووریا لە کۆبانێ خۆیان بۆ هێرشی تورکیا ئامادە دەکەن
سەرچاوە مەیدانییەکان لە کۆبانێ رایان گەیاند، هێزەکانی یەپەگە لەگەڵ هێزەکانی سەر بە سوپای ڕژێمی سووریا، لە نێو شاری کۆبانێ و دەوروبەری، سەرقاڵی خەندەق لێدانن، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر هێرشێکی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ.
بەپێی زانیارییەکان، هەڵکەندنی خەندەق لەنێو دانیشتووانی سڤیلی کۆبانێ ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری درووست کردووە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر و بەهۆی هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، خەڵکی کۆبانێ ئازار و نەهامەتییەکی زۆریان بینیوە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە دانیشتووانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان ئێستا لە دۆخێکدان کە متمانەیان بە هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی نییە، بەتایبەتیش پاش ئەوەی ئەمریکا لە کۆبانێ کشایەوە، پێشتریش ئەزموونێکی ناخۆشیان لەگەڵ ڕووسیا لە عەفرین هەبووە، بۆیە ترسی ئەوەیان هەیە کە کۆبانێش بە دەردی (سەرێ کانی، گرێ سپی و عەفرین) بچێت و ببێتە قوربانیی ڕێککەوتنەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا یان تورکیا و ئەمریکا.
پێشتر شاهین ئەحمەد، سەرکردە لە پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا ڕايگەیاندووە، کۆبانێ یەکێکە لەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان کە هێشتا هەڕەشەی لەسەر ماوە و لە سەر مێزی کڕین و فرۆشتنی نێوان یاریکەرەکانی سووریایە جا لە نێوان تورکیا و ڕووسیا بێت یان تورکیا و ئەمریکا.
باسنيوز
