گۆڕان ناوی کاندیدانی خۆی بۆ پۆستەکانی حکوومەت پێشکەش دەکات

 گۆڕان ناوی کاندیدانی خۆی بۆ پۆستەکانی حکوومەت پێشکەش دەکات
بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری داوە، ھەفتەی داھاتوو ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات کە ١٢٪ی پۆستەکانی بەردەکەوێت.



بەپێی زانیارییەکان بزووتنەوەی گۆڕان لە قۆناخی کۆتایی یەکلاییکردنەوەی ئەو کاندیدانەیە کە لە حکوومەتدا لە خوار وەزیرەکان بەری دەکەوێت.



بەپێی زانیارییەکان بریکاری چەند وەزارەتێک و نزیکەی ٥٠ راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی، بەر گۆڕان دەکەوێت. بڕیاریشە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات.



لەلایەن خۆیەوە ڕێڤینگ هرووری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەیە کە حزبەکان ناوی کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکان بنێرن، هەرچەندە تائێستا یەکێتی و گۆڕان ناوەکانیان پێشکەش نەکردووە، بەڵام زانیارییان هەیە کە گۆڕان سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی ناوەکانە.



پێشتر مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رای گەیاند، پێویستە ئەو پۆستانەی کە لە خوار وەزیرن و ماون، پڕ بکرێنەوە، تاوەکوو کابینەی نۆیەمی حکوومەت بتوانێت باشتر بەرنامەی کاری خۆی جێبەجێ بکات.











باسنيوز
Top