ڕووسیا: ئامادەین گەرەنتیی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و کورد بکەین
لەمبارەوە ماڵپەڕی (ڕووسیا ئەلیەوم) لەزاری ماریا زاخارۆوا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاوە بڵاوی کردووەتەوە: "مسکۆ ئامادەیە وەک نێوبژیوانێک لە داهاتوودا گەرەنتیی ڕێککەوتنی نێوان کورد و دەوڵەتی سووریا بکات و هەوڵی بۆ بدات".
ئاماژەی بەوەش داوە: "ئاسانکارییە بۆ ڕەوتی گفتوگۆکان و هاوکات گەرەنتیکردنی و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننانەیە کەلە داهاتوودا واژۆ دەکرێن".
زاخاراۆوا لەبارەی ئەگەری دانوستانی نێوان کورد و دەوڵەتی سووریا و پرسی پەیوەستبوونی هێزە کوردییەکان بە سوپای سووریا گوتی: "ئەم پرسە دەبێ لەباری پێکهاتە و چۆنێتییەوە ڕاستەوخۆ لە نێوان دیمەشق و کوردەکاندا تاوتوێ بکرێن و بگەنە ڕێککەوتن".
مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێشتر بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا دوو مەرجی دانابوو و جەختی کردبووەوە: "بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا دوو مەرجمان هەیە، یەکەم ئەوەی کە ناوچەی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە چوارچێوەی دەستووری سووریا ببێتە بەشێک لە پێکهاتە و بەڕێوەبەریی سووریا و دووەم هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک دامەزراوەیەک سەربەخۆیی خۆیان هەبێت".
باسنيوز
