سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی بایرنی ئەڵمانیا پێشوازیی لە شاندێکی لاوانی کوردستان کرد
لە دیدارەکەدا، کە لە لایەن سەرۆکایەتیی لاوانی پارتی سیئێسیۆی ئەڵمانیاوە ڕێک خرابوو، شاندی لاوانی کوردستان سوپاسی سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێم و لاوانی بایرنیان کرد بۆ ئەو پێشوازییە فەرمییە.
لاوانی کوردستان باسی دواین ڕەوشی سیاسی و ئابووریی عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتیان بۆ دکتۆر فلۆریان کرد و ھیوایان خواست چۆن دۆستایەتیی لاوانی ھەردوو ھەرێم لە ئاستێکی باشدایە، بە ھەمان شێوە لە لایەن ھەردوو ھەرێمەوە دۆستایەتییەکان لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووریش پتەو بکرێن.
سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی بایرن بەگەرمی بەخێرھاتنی شاندی میوانیان کرد و ئامادەییی خۆیان دەربڕی بۆ ھەر ھەماھەنگییەک لە نێوان ھەردوولادا و، ھیوایان خواست پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی سیاسی لاوانی ھەردوو ھەرێمدا بەردەوام بن.
شایانی باسە شاندێکی لاوانی سیئێسیو لە مانگی ئایار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و لە لایەن بەڕێز، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمەوە پێشوازی کران.
