پێنجشەممە دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچە

پێنجشەممە دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایدەکات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە رۆژی پێنجشەممە دەستبکات بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی 2019 و یەکەم وەزارەتیش وەزارەتی پێشمەرگە مووچە وەردەگرێت.

هیڤیدار ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، "لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی ئاب پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە کردووە، ئەوان پێیان راگەیاندووم بەهۆی ئامادەنەکردنی لیستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە مووچە یەک دوو رۆژێک لەکاتی خۆی دواکەوتووە".

بە گوتەی هێڤیدار ئەحمەد، رۆژی پێنجشەممە دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دواتریش وەزارەتەکانی دیکە مووچە وەردەگرن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەران نییە و مانگانە لەکاتی خۆی مووچە دابەشدەکرێت".
Top