سەرۆکی هەرێمی کوردستان: کۆی کایەکانی عێراق پێویستییان بە گۆڕانکارییە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کۆی سیستەمی عێراق کێشەی هەیە و بەتایبەت سیستەمی ئابووری و تاوەکو ئێستا نازاندرێت سیستەمی ئابووری عێراق چۆنە، هەموو وەزارەتەکانی عێراق بە دەیان و سەدان کۆمپانیایان هەیە و ناهێڵن کۆمپانیای دیکە ئیش بکات، ئەوەش گەندەڵی دروستدەکات.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، کێشەکانی عێراق ئابوورین و خەڵکی داوای ژیانی باشتر دەکەن، ئەوەش دەبێت زوو چارەسەری بۆ بکرێت، هاوکات هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو کێشانە و کۆی سیستەمی سیاسی عێراق پێویستی بە قسە لەسەرکردنە.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و هاوکارییەکانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوە کرد "پەیوەندیی تەلەفۆنی و دیدارم لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵووم هەبووە و دوای پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵووم دواکارییەکەیانم گەیاندە سێرگی لاڤرۆڤ".
سەبارەت بە تورکیاش سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، لە هەموو کۆبوونەوەکانی پێشتریش پێی راگەیاندووین کە کێشەیان لەگەڵ کورد نییە و کێشەیان لەگەڵ پەکەکە هەیە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵیانداوە ئەو راستییە بۆ پەکەکە روونبکەنەوە، بەڵام پەکەکە هەوڵیدا شەرعیەتی خۆی وەربگرێت لەڕێگەی کوردەکانی سووریا، ئەوەی بەسەر کوردی ئەو ناوچانەش هات، ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەیە بوو.
لەبارەی یەکڕیزی لایەنەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی و پارتی بەهیچ شێوەیەک پێویست ناکات لەڕێگەی کۆنگرەی رۆژنامەوانییەوە قسە لەگەڵ یەکدی بکەن، ئەو دوو حیزبە پەیوەندییەکی لەوە قووڵتریان هەیە و ئەوەی ئێستا هەیە مایەی نیگەرانی نییە و چارەسەردەکرێت.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکرد، یەکێتی هاوبەشێکی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشە و وەکو تیم لەنێو وەزارەت کاردەکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، دەبێت هێزەکان یەکڕیز بن و ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەو هەڵوێستە بەدیکراوە.
