ژن و پیاوێک دوای ئەوەی دزییەکەیان سەرناگرێت زێڕنگەرێک برینداردەکەن
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین راگەیاند: لە نێو بازاڕی شاری رانیە، ژن و مێردێک کە ماوەیەکە لە باشووری کوردستان کاردەکەن، بۆ دزیکردن دەچنە دووکانێکی زێڕنگەر و چەند پارچە زێڕێک دەدزن، بەڵام زێڕنگەرەکە پێیان دەزانێت و لە ئەنجامدا بە هەردووکیانەوە برینداری دەکەن.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین راگەیاند: هێزەکانیان لە پۆلیسی فریاکەوتنی رانیە/ مەفرەزەی ناوبازاڕ ژن و مێردەکەیان دەستگیرکرد و خاوەنی دووکانی زێڕەنگرەکەشیان گەیاندە نەخۆشخانەی گشتی رانیە بۆ چارەسەر کردنی پزیشکی.
بە گوتەی شۆڕش ئیسماعیل، هەر لەلایەن پۆلیسی فریاکەوتنی رانیە کەسی سێیەم دەستگیرکراوە کە بەئۆتۆمبێلەکەی چاوەڕوانی ژن و مێردەکەی دەکرد لەنێو بازاڕی رانیە.
ژن و مێردەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دانیان ناوە بە تاوانەکەیان کە هەستاون بەدزینی پارچە زێڕەکان و پەلاماردان و بریندارکردنی خاوەنی دووکانەکە.
دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی خاوەنی دووکانەکە نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکان کراوەتەوە.
