سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد: پێویسته هه‌مووان پشتگیری له په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بكه‌ن
سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد، د. دیندار دۆسكی ڕاگه‌یاند: "په‌یامی سه‌رۆك بارزانی دەربارهی ئه‌وه‌ی كه له كاتی هه‌مواری ده‌ستووری عێراقدا نابێ گۆرانكاری له مافی گه‌لی كورددا بكرێت و پێویسته مافه‌كانی كورد وه‌كو خۆیان بمێنن، زۆر گرنگه. ئه‌و په‌یامه‌ش په‌یامی هه‌موو گه‌لی كورده، چونكه سه‌رۆك بارزانی نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو گه‌لی كورد ده‌كات."
د. دیندار دۆسكی گوتیشی: "پێویسته هه‌موو لایه‌نه‌كان یه‌كگرتوو و یه‌كهه‌ڵوێست بن و پشتگیری له په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بكه‌ن، چونكه پێویست بوو كه هه‌ر زوو كورد هه‌ڵوێستی خۆی دەربارهی هه‌مواری ده‌ستوور ڕابگه‌یەنێت و سه‌رۆك بارزانیش له كاتی خۆیدا په‌یامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند، بۆیه پێویست بوو لایەنه‌كانی دیكه‌ش هاوشێوه‌ی پارتی و سه‌رۆك بارزانی هه‌ڵوێستیان هه‌بێت و ئێستاش پشتگیری له په‌یامی سه‌رۆك بارزانی بكه‌ن، چونكه ده‌ستكاریی ده‌ستوور بكرێت و مافی كورد كه‌م بكرێته‌وه مه‌ترسی له‌سه‌ر كورد پەیدا ده‌بێت، به‌تایبه‌ت له ناوچه كوردستانییه‌كان، بۆیه یه‌كگرتووییی كورد له‌م قۆناغەدا زۆر گرنگه."
له په‌رله‌مانی عێراق لیژنه‌یه‌ك بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق پێک هێنراوە، کە سێ ئه‌ندامی كوردن. سه‌رۆك بارزانی لەو بارەیەوە په‌یامێكی ڕاگه‌یاند، كه نابێ له هه‌مواری ده‌ستووردا ده‌ستكاریی مافی گه‌لی كورد بكرێت. بڕیاریشه سبه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی بەڕێوە ببات.
