پارێزگاری هەولێر: پشتیوانییەكی بێسنووری كەرتی پیشەسازی دەكەین
ئەمڕۆ 4/11/2019 كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەڕێوە چوو كە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بەرنامەی كاری پارێزگاری تازەی هەولێر فرسەت سۆفی.
لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری هەولێر لەسەر چەند تەوەرێك بەرنامەی كاری خستە ڕوو و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە هەیبەتی فەرمانگە و فەرمانبەری خۆمان دەپارێزین و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ نەهێشتنی فشارە دەرەكییەكان لەسەر فەرمانبەران و دامەزراوەكانمان و هەر كەسێكیش پێشێلی یاسا بكات، تا رادەستی دادگای نەكەین راناوەستین و باسیشی لەوە كرد كە دەبێ هەموو فەرمانبەران لە كاتی یاسایی لەدەوام بن و پابەندی یاسا بن".
هاوکات باسی لەوەش كرد: "ئێستا گرفتە كارگێڕی و رۆتینییەكانی پرۆژەكانی سنووری هەولێر چارەسەر كراون و ئەوەی پێویست بێ لەسەر بودجەی پارێزگا پارە بۆ پرۆژەكان تەرخان كراوە و لەوانەش رێگای هەولێر كۆیە و تونێلی پیرمام كە لەم رۆژانەدا كارەكانیان دەست پێدەكەنەوە و تونێلی پیرمامیش كارەكانی تەواو دەكرێن".
فرسەت سۆفی گوتیشی: "ئێستا هەولێر بۆشایی كاری هەیە و ژمارەیەك خەڵكمان بێكارن، بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین زۆرترین كارگەی جۆراوجۆر لە هەولێر دابمەزرێن و هەموو هاوكارییەكیشیان دەكەین، بەڵام هیچ هاوكارییەكی بەنزینخانە و كارگەی غاز ناكەین".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا پارێزگاری هەولێر باسی لەوە كرد لە كەرتی گەشتیاریدا نزیكەی 3 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوكردنی پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر تەرخان كراوە كە 2 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی یەكێتیی ئەورووپا و یەك ملیۆن دۆلاریش لەلایەن كارگرووپەوە و لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاریش قسە كراوە كە دەبێ سەرجەم تابلۆ بازرگانییەكان بە كوردی لەسەری بنووسرێت، بە شێوەیەك زمانی كوردی لەسەرەوە بێت".
لەبارەی دیاریدەی هەڵگرتنی چەكیش گوتی: "ئێستا مۆڵەتی هەڵگرتن و هەبوونی چەك ڕاگیراوە و ناشكرێتەوە تا كۆمەڵێك رێكار هەن نەگیرێنە بەر".
لەبارەی پەیكەری كارگێڕیی پارێزگای هەولێرەوە فرسەت سۆفی باسی لەوە كرد: "چەند بریارێكی كارگێڕی دراوە، لەوانەش لیژنەكانی كڕین و كردنەوە و رادەستكردنی پارێزگا دەبێ لە ماوەی شەش مانگدا بگۆڕێن، هەروەها پارێزگاریش دوو جێگری دەبێت و لەوێشدا پشكی ئافرەتان دیاری دەكرێت".
باسنيوز
