داواکاری و پێشنیازی پێکھاتەکان کۆ دەکرێنەوە بە راپۆرتێک دەدرێتە ئەنجومەنی وەزیران
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان رای دەگەیەنێت لەگەڵ سەرجەم پێکھاتەکانی کوردستان کۆ دەبینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشە و پێشنیاز و پشتگیریی پێکھاتەکان بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە سەعات١٠ وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لەگەڵ پێکھاتەی تورکمان کۆ ببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵیان و داخوازیی پشتگیریان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەخرێتە بەرباس.
ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان راگەیاند:
"لەگەڵ تەواوی پێکھاتەکانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبینەوە و کۆبوونەوەکانمان بۆ گفتوگۆکردنە لەگەڵ پێکھاتەکان بۆ ئەوەی بزانین داواکاری و پێشنیازیان چییە و دوای گوێگرتن لێیان، داواکارییەکانیان دەکەینە راپۆرتێک و دەیدەینە ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەریی کێشەکانیان".
گوتیشی: "بەشێکی ئەو کۆبوونەوانە بۆ بەدەستھێنانی پشتگیریی پێکھاتەکانە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
بریارە لە ماوەی چەند رۆژێکدا وەزیری ھەرێم بە جیا لەگەڵ تەواوی پێکھاتە ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.
باسنيوز
