کرێی خوێندنی ساڵێکی کوڕ و کچی شەھیدان خەرج دەکرێت"

کرێی خوێندنی ساڵێکی کوڕ و کچی شەھیدان خەرج دەکرێت
بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدان ئاشکرای کرد، بڕیارە کرێی یەک ساڵی خوێندن بۆ کوڕ و کچی شەھیدان خەرج بکرێت و دەشڵێ، زانکۆ و قوتابخانەکان ھاوکارن بۆ ئەوەی کوڕ و کچی شەھیدان درێژە بە خوێندن بدەن.

ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدانی پارێزگای دھۆک ڕاگەیاند: "دوای باشبوونی ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، حکوومەت دەستی کردووە بە دابەشکردنی کرێی خوێندنی کوڕ و کچی شەھیدان و لە ماوەی یەک ساڵدا کرێی دوو ساڵیان بۆ خەرج کراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە."

بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدانی پارێزگای دھۆک گوتیشی: "لە سنووری پارێزگای دھۆک یەکھەزار قوتابی ھەن، کە کوڕ و کچی شەھیدانی سەربەرزن و لە قوتابخانە و زانکۆ ئەھلییەکان لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێژە بە پڕۆسەی خوێندن دەدەن، زانکۆ و قوتابخانەکانیش زۆر ھاوکارن لەگەڵ حکوومەت بۆ درێژەدانی خوێندنی کوڕ و کچی شەھیدان."

لەبارەی خەرجکردنی کرێی خوێندنی ساڵی ٢٠١٩، ژیان مستەفا ڕوونی کردەوە: "ئێمە لیستی پارەمان بۆ وەزارەت بەرز کردووەتەوە و لە پلاندایە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆیان خەرج بکرێت، ھەرچەندە ماوەی خەرجکردنی کرێی ساڵی پێشوو زۆر نییە، بەڵام ھەموو ھەوڵێک دەدەین، کرێی ئەمساڵ لە کاتێکی زووتردا بۆیان خەرج بکرێت."
Top