گوتەبێژی پارتی: سەردەمی پەنجا بە پەنجا نەماوە و یەکێتیش قەبوڵی کردووە

 گوتەبێژی پارتی: سەردەمی پەنجا بە پەنجا نەماوە و یەکێتیش قەبوڵی کردووە


گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی حزبەکەی لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق ئاشکرا کرد.

ئەمڕۆ شەممە 2-11-2019، مەحمود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، پێشتر حزبەکەی رایگەیاندبوو، کە ئەگەر بە تەواوی مامەڵە بە دەستوور نەکرێ، ئەوا دۆخی عێراق بەرەو هەڵدێر دەچێت.

مەحمود محەمەد هەروەها رایگەیاند، هۆکاری ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق کار نەکردنە بە دەستوور، ”کێشە لە خودی دەستوور نییە، بەڵکوو کێشە لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنیەتی“ و ئەو کێشە و گەندەڵییانەی ئێستاش لە عێراق هەیە، ”کەڵەکەبووی حکوومەتەکانی پێشووە“.

گوتەبێژی فەرمیی پارتی نیگەرانیی حزبەکەی لەبارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی عێراق راگەیاند، کە ”کەسانێک دەیانەوێ بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری بهێنن“ و بەپێویستی زانی ”هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخەکە بدرێت“.

مەحمود محەمەد جەختی لەوە کردەوە، کە ئەگەر دەستووری عێراق بە رێکارە دەستوورییەکان هەموار بکرێ، ئەوا کێشە دروست نابێ، ”بەڵام دەبێ هەموواری دەستوور نەبێتە بەهانەیەک بۆ کەمکردنەوەی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان“.

هەروەک گوتەبێژی فەرمیی پارتی رایگەیاند، پێویستە عێراقییەکان ئەوە بزانن، کە مافە دەستوورییەکای گەلی کوردستان ”بە خوێن و خەبات“ بە دەست هاتوون و ”نابێ بەهیچ شێوەیەک ئەو دەستکەوت و ماف و ئازادییانە بکەونە مەترسییەوە“.
Top