بەڕێوەبەری نەوتی هەولێر نرخی ئەو نەوتەی بە هاونیشتمانیانی دەدەن ئاشکرادەکات
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزای هەولێر رایگەیاند: "لەدوای قەیرانی داراییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای کڕینی نەوتی نەماوە، بەهۆی ئەوەی نەوتی پێویستمان بەدەستەوە نییە، بۆیە دەست بە دابەشکردنی نەکراوە. ساڵانە بەرنامەی دابەشکردنی نەوت لە مانگی ئۆکتۆبەر لە وەرزی زستان دەستپێدەکات و تاوەکو مانگی ئادار بەردەوام دەبێت. ئەگەر نەوتەکەمان لەبەردەست بێت کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆمان دابین دەکرێت، بەدڵنیاییەوە زووتر دەست بە دابەشکردنی دەکەین."
لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی نەوت لە پارێزگای هەولێر، ئاری کاکەشین گوتی: "سەرەتا لە ناوچە ساردەکانەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەین وەک سیدەکان و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور. ئەگەر بڕی پێویستمان لەبەردەست بێت لە سەنتەری هەولێریش نەوت دابەش دەکەین. لەناو شاری هەولێر بۆ هەر بەرمیلێک 50 هەزار دینار وەردەگرین کە بەرمیلێکیش 216 لیترە. لە ناوچە شاخاوییەکانیش لەبەر ئەوەی کرێکەی زیاترە بۆ هەر بەرمیلێک 51 هەزار دینارە.
بەڕێوەبەری نەوتی هەولێر سەبارەی بە بڕی نەوتەکە کە بە هاونیشتمانیانی دەدەن گوتی: "ئێمە دەبێت بەپێی ئەوەی لەبەردەستمانە نەوت دابەش بکەین ئەگەر لەبەردەستمان بێت بەرمیلێک یان زیاتر دەدەینە هاونیشتمانیان. هەرچەندەمان بێت درێخی ناکەین".
لەبارەی کوالێتی نەوتەکەوە ئاری کاکەشین گوتی: "ئێمە تاقیگەمان هەیە و ئەو نەوتەی پێماندەدرێت ئەگەر بەپێی ستانداردەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نەبێت هەر وەری ناگرین".
ئەوبەرپرسەی نەوتی هەولێر، رەتیکردەوە" نەوتی عەمبارکراو"یان هەبێت و دابەشی بکەن تاوەکو نەوتەکەی حکومەتی عێراق دەگات، ئاری کاکەشین گوتی:" ساڵانی پێشوو حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی دەکڕی، کە تێچووی کڕینەکە پارەیەکی زۆربوو، 60%ی پارەکە حکومەت لە ئەستۆی خۆی دەگرت و بە پارەیەکی کەمتر بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەکرا، بەڵام لەدوای قەیرانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای کڕینی نەوتی نەماوە و ئێستا لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە نەوتەکە دابین دەکرێت."
بەگوتەی ئاری کاکەشین، حکومەتی عێراق بەشی پێویست نەوت بۆ کوردستان نانێرێت. ئەو دەڵێت: "ئەگەر هەر ماڵەی یەک بەرمیلی بەسەر دابەش بکرێت. تەنیا بۆ پارێزگای هەولێر پێویستمان بە 100 ملیۆن لیتر نەوت هەیە. بۆ دهۆک و سلێمانی زیاتر لە 260 ملیۆن لیتر نەوت دەکات، بەڵام ساڵانە حکومەتی عێراق نیوەی ئەو بڕەشمان بۆ دابین ناکات."
ئەو قسەیەی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان لە هەولێر، لەکاتێکدایە، لە چەند مانگی رابردوو زیاتر لە جارێک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لەوە کراوە بۆ وەرزی زستان نەوت بەسەر هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
