نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ هەموارێکی دەستوور نین کە زیان بە سیستەمی فیدرالی بگەیەنێت
کەمێک لەمەوبەر و لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکیدا لە کۆنگرەی شەشەمی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریکردن لە کۆنگرەکە و پیرۆزباییکردن لە ئەندامانی کۆنگرەکە، باسی لە ڕۆڵی سەندیکای پارێزەران لە بوارە جۆراوجۆرەکان کرد.
ئاماژەشی بەوە کرد کە کۆمەڵگەی درووست و پێشکەوتوو، زادەی کلتوورێکی سیاسیی سەردەمییانەیە، دەستوور و یاسایەکی گونجاو لەگەڵ ئەو دەستوورە، چوارچێوەی ماف و ئەرکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دیاری دەکات.
هەروەها باسی لەو یاسایانە کرد کە لە هەرێمی کوردستاندا دەرکراون و ماف و ئازادییە گشتییەکان و مافی ژنان و منداڵان و کۆی ئەندامانی کۆمەڵگە گەرەنتی دەکەن. راشیگەیاند: ”دەمانەوێ و مەبەستمانە کۆمەڵگەی کوردستان بە درووستترین شێوە ڕێک بخرێت، تاوەکوو کوردستانییان ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان هەبێت“.
پشتیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەربەخۆیی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری دووپات کردەوە و ڕوونی کردەوە کە سەروەریی یاسا، دڵنیایی بە هەر تاکێک دەبەخشێت کە ژیان و مافەکانی پارێزراو دەبێت.
داواشی لە ئەندامانی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان کرد، ڕۆڵی خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بە یاسا سەردەمییانەکان بگێڕن.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: ”کوردستان پێویستی بە داڕشتنی دەستوورە، ئەوەش یەکێکە لەو ئەرکە نیشتمانییانە، دەستووری شیاو بۆ هەرێمی کوردستان وەک دایکی یاساکان پێویستە، دەستوورێک بێت بۆ خواستی سەردەمییانەی کۆمەڵگە، بۆ پێشکەوتن و کرانەوەی زیاتر. دەستوورێک کە بەها مرۆییەکان چەقی ئامانجی خەڵک بێت“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەو دەستوورەی بۆ عێراقی نوێ دانرا، بە دەستوورێکی پێشکەوتوو هەژمار دەکرێت بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی وڵاتان، بەڵام جێبەجێنەکردنی بەندەکانی، ئێستا بووەتە هۆی باسکردن لە هەموارکردنی دەستوورەکە.
نێچیرڤان بارزانی ئاشکرای کرد: ”کێشەی سەرەکی لە عێراق دەستوور نییە، بەڵکوو جێبەجێنەکردنی دەستوورەکەیە. بۆیە هەر هەموارێک بکرێت، دەبێت مافی ڕەوای هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە دەستووردا زامن بێت. ڕێگری لە هیچ هەموارێک ناکەین کە لە پێناو باشترکردنی دۆخەکە بێت، بەڵام هەر هەموارێک زیان بە فیدرالی و مافی هەرێمەکان بگەیەنێت و لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبێت، لەگەڵی نین و لە دژی خواستەکانی خۆپیشاندەرانیشە“.
دووپاتیشی کردەوە، کێشە و قەیرانەکانی عێراق، کەڵەکەبووی هەڵە و خراپیی بەڕێوەبردنی ساڵانی دوور و درێژی حکوومەتەکانن، هیچ حکوومەتێکیش ناتوانێت لە ساڵێکدا چارەسەریان بکات. بۆیە پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بە مەبەستی چاکسازی و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان دەربڕی.
باسنيوز
