هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکاریی سه‌ربازی بۆ پێشمه‌رگه دەنێرێت
عه‌مید روکن هه‌ژار عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ڕاگەیاند: "چاکسازی له‌ناو هێزەکانی پیشمه‌رگه به‌رده‌وامه و پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نه، ١٤ لیوای یه‌کگرتووی سه‌ر به وەزارەتمان هه‌یه و بڕیاره هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ش ببنه به‌شێک له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، به‌ڵام هێشتا پرۆسەکە ماوه".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە بۆ سه‌رجه‌م لیواکان ده‌کرێته‌وه، لیواکانی ٨٠ پرۆسه‌یه‌کیان ده‌ست پێکردووه بۆ دووبارە ڕێکخستنەوە و مه‌شق پێکردنی هێزەکان، تاوەکوو لیواکانی ٨٠ هاوشێوەی لیواکانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بێت و له کاتی یه‌کخستنه‌وه‌ی یه‌که‌کاندا، ئاسانتر بێت.
هیوای ئەوەشی خواست کە یه‌که‌ی ٧٠ی پێشمەرگەش به هه‌مان شێوه ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌ست پێ‌بکات و وه‌ک هه‌یکه‌لیه‌تی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگەی لێ بێت.
لەبارەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان، عەمید هەژار عومەر ئاماژەی بەوە کرد، هاوپه‌یمانان له سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعشەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و به‌رده‌وام مه‌شق و ڕاهێنان به پێشمه‌رگه ده‌که‌ن و تا ئیستاش له‌ڕێگای ژوورێکی تایبه‌ت کە پێشووتر ٨ وڵات بوون و ئێستا ٧ وڵاتن، له چوار بنکه مه‌شق و راهێنان به پێشمه‌رگه ده‌که‌ن.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ڕاوێژکارانی (ئەڵمانیا، به‌ریتانیا، ئه‌مریکا و هۆڵه‌ندا) هاوکاریی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و بۆردی چاکسازیی پیشمه‌رگه ده‌که‌ن، بۆ جێبه‌جێکردنی پرۆسه‌که و پرۆگرامه‌که‌ش پرۆگرامی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه و ئه‌وان هاوکارن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، ”هاوپه‌یمانان ده‌ستیان به ناردنی هاوکاری بۆ پێشمه‌رگه کردووه، ئێستا ده‌ست کراوه به ناردنی کاروانی هاوکاری بۆ لیواکانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ دوو لیوا، بۆ ساڵی داهاتووش ئەو هاوکارییانە فراوانتر ده‌بن".
گوتیشی: ”هاوکارییەکان بریتین له چه‌ک و جبەخانە و ئالیات و پێداویستیی سەربازی".
پێشتر کۆڵۆنێڵ مایلیس کاگینس، گوتەبێژی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە (کوردستان٢٤)ی راگەیاندبوو: ”بەم زووانە زیاتر لە ١٠٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لە جۆری هامڤی و سیستەمی هاوەن و چەند سیستەمێکی دیکە دەدەینە پێشمەرگە، جیا لەوەش لەگەڵ هەولێر و بەغدا لە ڕێگای راوێژکارەکانمانەوە هەوڵ دەدەین میکانیزمێك بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان دیار بکەین“.
باس‌نیوز
