رووسیا: کشانەوەی یەپەگە پێش کۆتاییهاتنی کاتی ئاگربەستەکە تەواوبوو

رووسیا: کشانەوەی یەپەگە پێش کۆتاییهاتنی کاتی ئاگربەستەکە تەواوبوو
بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان رووسیا و تورکیا ئەو ئاگربەستە 150 کاژێرییەی بۆ رۆژئاوای کوردستان راگەیێندرابوو کاژێر 18:00ـی ئەمڕۆ سێشەممە کۆتاییهات، وەزیری بەرگریی رووسیاش رایگەیاند، کشانەوەی یەپەگە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زووتر لەو کاتەی پلانی بۆ داڕێژرابوو، کۆتاییهات.

دوایین هەڵوێستی تورکیا لەبارەی ئەگەری نەکشانەوەی شەڕڤانان لە قووڵایی 30 کیلۆمەتری دیاریکراو، دەستپێکردنەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە بوو کە تورکیا بە کانیی ئاشتی ناویدەبات.

مەلوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند "ئەگەر لە کۆتایی 150 کاژێرەکە یەپەگە نەکشێنەوە، لە کۆبانێوە واتا لە زێی فوراتەوە تاوەکو سنووری عێراق بە درێژایی 444 کیلۆمەتر و فراوانیی 30 کیلۆمەتر نەکشێنەوە، جا ئەمە لە تێبینیی رووسەکان و راگەیێندراوی گشتی لەبارەی یەپەگە هەیە، ئەوکاتە تورکیا ئەو ناوچەیە لەو تیرۆریستانە پاکدەکاتەوە".

ماوەی دوو رۆژە تیمەکانی پۆلیسی سەربازیی رووسیا لە قامشلۆ گەڕان ئەنجامدەدەن. دوای تەواوبوونی ماوەی ئاگربەستەکەش رووسیا گەڕانی هاوبەش لەگەڵ تورکیا ئەنجامدەدات.

گەڕانە هاوبەشەکانی رووسیا و تورکیا لە باکووری رۆژئاوای سووریا بە مەبەستی چاودێریکردنی کشانەوەی هێزە کوردییەکان لەو ناوچەیەی دیاریکراوە بەڕێوەچێت.

فەخرەدین ئاڵتوون، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر رایگەیاند، لە رێگەی دەوریەی هاوبەشەوە چاودێری و بەدواداچوون بۆ کشانەوەی هێزە کوردییەکان دەکەن.

ئەمڕۆ تیمێکی پۆلیسی سەربازیی رووسیا گەیشتنە ناوچەی سنووریی دێربێسی. ئەوان چاویان بە بەرپرسی تیمی گەڕانی تورکیا کەوت و بەرپرسانی سەربازیی تورکیا ئامادەیی خۆیان نیشاندا لە سبەی چوارشەممەوە دەست بە گەڕانی هاوبەش بکەن.

دواتر بەرپرسە سەربازییەکانی تورکیا نەخشە و پلانێکی تایبەتیان بە گەڕانی هاوبەش بە رووسەکان نیشاندا، بەڵام رێگەیان نەدا میدیاکان ئەو نەخشەیە وێنەبگرن.

فەرماندەی بەرپرسی تیمی گەڕانی رووسیا بە رووداوی راگەیاند تاووتوێی پلانەکەیان کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کاژێرێک بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەی ئاگربەستە 150 کاژێرییەکە سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا رایگەیاند، کشانەوەی یەپەگە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زووتر لەو کاتەی پلانی بۆ داڕێژرابوو، کۆتاییهات.
Top