قۆناخی یەکەمی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە کۆتاییهاتووە

قۆناخی یەکەمی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە کۆتاییهاتووە
قۆناخی یەکەمی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە کۆتاییهاتووە، بەڕێوەبەری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لە چوارچێوەی چاکسازییەکاندا لیوای نوێ دروستدەکرێن و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش بەردەوام دەبێت.

لە ساڵی 2017ـەوە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دامەزرا‌، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی چاکسازیی 35 خاڵی دەکات.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی پرۆژە 35 خاڵییەکەی چاکسازی لە وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە؛ پرۆسەکە لە لایەن ئەمریکا و کەنەدا و بەریتانیا و ئەڵمانیا وەک ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش سەرپەرشتی دەکرێت؛ قۆناخی یەکەمی چاکسازییەکان کۆتاییان هاتووە و دەست بە قۆناخی دووەمی دەکرێت.

لیوا دلێر میران، بەڕێوەبەری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی قۆناخی دووەمی چاکسازییەکان راگەیاند "هەندێک پرۆژەمان دەستپێکردووە لەوانە پرۆژەی ئامادەباشی. لە ماوەی داهاتووش کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیوای 13 و 14 دەبێت".

بەڕێوەبەری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەشدەکات، لە چوارچێوەی چاکسازییەکاندا لیوای نوێ دروستدەکرێن و یەکگرتنەوەش بەردەوام دەبێت.

لە ساڵی 2017ـەوە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دامەزرا‌وە، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی چاکسازیی 35 خاڵی دەکات و بەشێک لە پرۆژەکە پێکدێت لە:

رێکخستنەوەی پێشمەرگە و هەواڵگری

رێکخستنی ئامادەکارییە لۆجستییەکان

رێکخستنی پڕۆژەی پزیشکی

رێکخستنی پڕۆژەی بودجە

تۆمارکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە لە سیستمی بایۆمەتری

دانانی سیستمی بانکی

دانانی سیستمێکی سەربازیی ستراتیژی

پێداچوونەوە بە مووچە و خانەنشینی

هاوئاهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق

پێداچوونەوە بە میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە

یەکگرتنەوەی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە

پێشتریش پەرلەمانی کوردستان، لە 24ـی تەممووزی 2014، یاسای یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی پەسەندکرد، ماوەی شەش مانگ داندرا بۆ یەکگرتنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەت یەکەکانی 70 و 80 یەکیان نەگرتووەتەوە.
Top