هەرێمی کوردستان داوای کۆنفیدڕاڵی دەکات
لەمبارەیەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بڕیارەکانی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، هەرێمی کوردستان بە مافی خۆی دەزانێت لە هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقدا، هەر دەستکارییەکی خراپی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێ، لەو حاڵەدا ئیدی کوردستانی داوای کۆنفیدڕاڵی بکات.
گوتیشی: “ئەگەر پرسی هەموارکردنەوەکە دەستبردن بێت بۆ مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، ئەوە هەرێمی کوردستان لە هەموارکردنەوەی دەستووردا داوای کۆنفیدڕاڵی دەکات و بە مافی خۆییشی دەزانێت”.
دوێنێ دووشەممە، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور پێکهێنا کە لە 10 ئەندام پێکهاتوون و هەریەک لە (ڤیان سەبڕی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و جوان ئیحسان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان) وەکوو نوێنەری کورد و هەرێمی کوردستان ئەندامی لیژنەکەن.
لەمبارەیەوە، هەدار زوبێر، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوان وەکوو کورد دەنگیان بە هەمواری دەستووری عێراق نەداوە، چونکە پێیان وابووە دەستێکی سیاسی لەپشت ئەو بابەتەوەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرسێ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) ئەندامی لیژنەی هەموارکردنەوەکەن، گوتیشی: “تاوەکوو ئێستا دیار نییە کە کام ماددانەی دەستوور هەموار دەکرێنەوە، بەڵام بەپێی ماددەی 142ی دەستووری عێراق دەتوانرێ بۆ هەر مادەیەکی دەستوور لیژنەیەک پێکبهێنرێ، بەمەرجێ لە ماوەی چوار مانگ کارەکانی لیژنەکە کۆتایی بێت، ئەو لیژنەیە راسپاردەکانی ئامادە دەکات و پێشکەشی پەرلەمانی دەکاتەوە دواتر هەر وا ئاسان نییە و دەخرێتە راپرسییەوە، جگە لەوەش هەرسێ پارێزگا دەتوانن ڤیتۆی دەستوور بکەن ئەگەر بێت و لە دژی بن، ئەوەش بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە کە ناتوانرێ دەستوورێک بنووسرێ دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بێت”.
سەبارەت بە داوای کۆنفیدڕاڵیی کوردیش لە دەستوور، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی پێی وابوو خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی داوای مافەکانی خۆی بکات، بەڵام ئەو پرسە پەیوەندیی بەو مادانەوە هەیە کە ئەو لیژنەیە دەیخاتەوە بەر باس، گوتی: “ئەگەر دەست بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستان ببرێت، بێگومان ئەوکات کوردیش قسەی خۆی دەبێت، لەبەرئەوە تاوەکوو ماددەکان بەڕوونی دیار نەبن، بابەتەکە روون نابێت و سەقفی داواکانی کوردیش یان هەوڵەکانی رێگریکردن لێی روون نابێتەوە”.
لای خۆشیانەوە، د.تەها حەمەدئەمین، پەرلەمانتاری یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، لەوانەیە هەموارکردنەوەی دەستوور ئەو ماددانە نەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لە بابەتی فیدڕاڵی و زمان و ئەوەی پەیوەندیی بە مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، چونکە ئەو ماددانە جێگیر کراون، گوتی: “هەردوولامان لەو قۆناغە لەسەر فیدڕاڵی رێک کەوتووین و پەیوەندیی باش هەیە لەنێوانماندا، لەبەرئەوە زەحمەتە ئەوان بێن ئەوە تێکبدەن و دەست بۆ ئەو بابەتانە بەرن، لەگەڵ ئەوەش گرنگە ئێمە وەکوو کورد هەماهەنگ و یەکگرتوو بین و پەرەی زیاتر بەو پەیوەندییانەی نێوانمان لەگەڵ عێراق بدەین”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، ئاماژەی بەوەش دا، لەم قۆناغە بۆ کورد و هەرێمی کوردستان، بۆ عێراقیش باشە کە لەسەر ئەو دۆسیانەی کە هەیە لەنێوانیاندا ڕێک بکەون، نەوەکوو کێشەکانی نێوانیان زیاتر بکەن، گوتیشی: “ئێستا هەردوولا گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی بە پەیوەندیی باش باشتر دەبین، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکیشدا نییە کاری خراپ لە دژی یەکتری بکەین، لەم رووداوانەی کە رووشیان داوە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی عاملی خێر بوون بۆ ئارامیی عێراق، لەبەرئەوە بە دووری دەزانین ئەو ماددانە دەستیان بۆ ببرێت کە پەیوەندییەکانی هەردوولا ئاڵۆز بکات”.
کۆنفیدراڵی، چوارچێوەیەکی سیاسی و دامەزراوەییە، کە دوو دەوڵەت یان چەند دەوڵەتێک بەیەکەوە دەبەستێتەوە و چەند بەررژەوەندییەکی هاوبەشی ئابووری و سیاسی و ئەمنی و فەرهەنگی ...هتد، کۆیان دەکاتەوە.
هەرێمی کوردستان لە ئەگەری هەموارکردنەوەی دەستوور لەسەر بنەمای دەنگی ڕیفراندۆم کە نزیکەی 93٪ی خەڵکەکەی دەنگی بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان داوە، مافی سیاسی و دەستووریی خۆیەتی سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت و دواتر لە چوارچێوەی سیستەمێکی کۆنفیدڕاڵیدا بەهۆی ئەو هاوبەشییانەی کە لەگەڵ عێراقدا ماویەتی دووبارە کۆ ببێتەوە.
باسنيوز
