مەکگۆرک: هاوکاری کوردانی رۆژئاڤا نەبوایە ئۆپەراسیۆنی کوژرانی بەغدادی هەرگیز سەرکەوتو نەدەبو

مەکگۆرک: هاوکاری کوردانی رۆژئاڤا نەبوایە ئۆپەراسیۆنی کوژرانی بەغدادی هەرگیز سەرکەوتو نەدەبو
نوێنەری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند، پڕۆسەی لەناوبردنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش "سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و جیهان"، بەڵام ئەو کارە هەرگیز سەرکەوتو نەدەبو ئەگەر بە هاوکاری هاوپەیمانە کوردەکانی رۆژئاڤا نەبوایە.

ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا کوژرا، دواتریش هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هەسەدە کوشتنی خەلیفەکەی داعشیان پشتڕاستکردەوە.

ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئەمریکا و جیهان


برێت مەکگۆرک، نوێنەری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندوە، "ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و جیهان".

بە هاوکاری هاوپەیمانە کوردەکانی رۆژئاڤای کوردستان نەبوایە هەرگیز ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتو نەدەبو


ئاماژەی بەوەشکرد، بە هاوکاری هاوپەیمانە کوردەکانی رۆژئاڤای کوردستان نەبوایە هەرگیز ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتو نەدەبو.

ماڵپەڕی فۆرن پـۆلیسی ئەمریکی راپۆرتێکی لەبارەی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، کاربەدەستێک لە بەڕێوەبەراتی ئەمریکا وتویەتی، "دەزگای CIA زانیاریـیەکانی لە بارەی بەغدادی کۆکردوەتەوە بە یارمەتی هێزە کوردیـیەکانی سوریا و دۆستانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لەوانە هەرێمی کوردستان".

هێزی تایبەتی ئەمریکا لە هەولێر و ناو سوریا بە هەلیکۆپتەر براون بۆ شوێنی ئامانجەکە و کۆماندۆی هێزی تایبەتی ناسراو بە دەلتا فۆرس هەڵیکوتاوەتە سەر حەشارگەکەی بەغدادی


ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزی تایبەتی ئەمریکا لە هەولێر و ناو سوریا بە هەلیکۆپتەر براون بۆ شوێنی ئامانجەکە و کۆماندۆی هێزی تایبەتی ناسراو بە دێڵتا فۆرس هەڵیکوتاوەتە سەر حەشارگەکەی بەغدادی".

ئەبوبەکر بەغدادی ناوی تەواوی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی بەدری سامەڕائییە، سەرۆکی رێکخراوی داعشە لە سوریا و عیراق، ساڵی 1971 لە نزیک قەزای سامەڕای سەر پارێزگای سەلاحەدین لە دایک بوە

لە 2014دا و دوای کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکانی دیکەی عێراق و روبەرێکی فراوان لە سوریا، بەغدادی خەلافەتی داعشی راگەیاند، ئەمریکا بڕی 25 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرکەسێک تەرخانکردبوە کە شوێنی راستەقینەی بەغدادی ئاشکرا بکات یان بیکوژێت.






خەندان-
Top