حکومەتی هەرێمی کوردستان: کوژرانی بەغدادی کۆتایی تیرۆر و تووندڕه‌وی نییە

حکومەتی هەرێمی کوردستان: کوژرانی بەغدادی کۆتایی تیرۆر و تووندڕه‌وی نییە
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەناوبردنی ئه‌بوبه‌كر بەغدادی، سەرکردەی رێكخراوی داعش، بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت و دەڵێت: کوژرانی بەغدادی گرنگە، بەڵام کۆتایی تیرۆر و تووندڕه‌وی نییە.

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هەرێمی کوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژ داعش، بەردەوامە لە رووبەڕبوونەوەی هزری تووندڕەوی. لەم پێناوەشدا قوربانیەکی زۆری داوە و هەر لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانیش ئەفسانەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش تێکشکێنرا و ئەمەش بووە سەرەتای داڕمانی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە".

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بێگومان لەناوبردنی ئەم گه‌وره‌ تیرۆریستە، کۆتایی تیرۆر و تووندڕه‌وی نییە. بەڵکو دەبێت هۆكاره‌كانی سەرهەڵدانی بیری تووندڕەوی بنبڕبکرێن و هەوڵی جددیش بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و لێکەوتەکانی تیرۆر و تووندڕەویی".

ئەمڕۆ (یەکشەممە 27-10-2019) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی راگەیاند و گوتی، بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی دوو کاژێریدا لەگەڵ سێ لە منداڵەکانی و چەند چەکدارێکی دیکەی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کوژراوە.
Top