نێچیرڤان بارزانى: لهناوبردنى بهغدادى، هەنگاوێكی گەورەی شەڕی دژی تیرۆره
ئهمه دهقهكهیهتى:
هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی گرنگ و سەرەكیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادیی سەری ڕێكخراوی تیرۆرستیی داعش بە هەنگاوێكی گەورەی شەڕی دژی تیرۆر دادەنێت و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵی ئهمهریكا و هەموو ئەوانە ڕادهگهیهنێت كه بە هەر شێوەیەك لە سەركەوتنی ئەو ئۆپەراسیۆنهدا بەشدار بوون.
كوشتنی بەغدادی دوای لەناوبردنی بەناو خەلافەتی داعش هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەك واتای كۆتاییهاتنی تیرۆر و بیر و ئایدۆلۆژیای داعش ناگەیهنێت، مەترسیی بەهێزبوونەوەی جموجۆڵە تیرۆریستییەكان هێشتا زۆرە و داعش و گرووپ و هاوشێوەكانی لە ناوچەكە هێشتا لە جموجۆلدان و هەڕەشە لە ئاسایشی هەموو جیهان دەكەن، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی له هاوكاری و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت، نەك هەر تەنیا لەڕووی سەربازییەوە، بەڵكو هەوڵ و هاوكارییەكان بەهێز بكرێن بۆ بەرەوپێشبردنی پەروەردە و كولتووری پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و لێبووردەیی و نەهێشتنی ئەو زەمینەیەی كە تیرۆر و خەڵكانی وەك بەغدادی بەرهەم دەهێنن.
هەرێمی كوردستان كە قوربانیی زۆری داوە بۆ لەناوبردنی تیرۆر، كە لە ناوچەكەی ئێمە و لە عێراق، ئێزدی و مەسیحی و موسڵمان و هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان ڕووبەڕووی تاوانە ترسناكەكانی داعش بوونەوە، ئێستاش بە هەموو شێوەیەك لە هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبێت و ڕووبەڕووی ئایدۆلۆژیا و بیری تاریكی داعشیانە دەبێتەوە، بۆ ڕێگرتن لە سهرههڵدانهوه و بەهێزبوونەوەی داعش و تیرۆر لە ناوچەكە و پاراستنی ئاسایش و ئازادی لە جیهاندا.
نێچیرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كوردستان
27/10/2019
